Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی میسر لە هەولێر دەکات

هەولێر-KDP.info- ئه‌مڕۆ سێشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە بەڕێز باڵیۆز مەحموود فاروق عامر کونسوڵی گشتیی میسر لە هەولێر کرد.

لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی میسر لە هەولێر پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد و ڕایگەیاند، ڕێژەی بەرچاوی بەشداربوونی خەڵک و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کەشێکی ئارام و مەدەنیانە، دەستکەوتێکی گەورەیە و نیشانەی پێگەیشتوویی و پێگەی بەرزی هەرێمی کوردستانە لە عێراق و ناوچەکە. هەروەها ستایشی کولتوری پێکەوەژیان و ئاشتیخوازیی گەلی کوردستانی کرد و ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانیی لە پاراستنی ئەو کولتورە و قووڵتربوونی بەرز نرخاند.

هەر لەم دیدارەدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کوردستان و گەلی میسر دا و ئەو پەیوەندییانەی بە مێژوویی و دۆستانە و کاریگەر وەسف کرد. هەروەها سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان جەختی لە بەهێزکردنی فەرهەنگی پێکەوەژیان و ئاشتی کردەوە وەک تاکە ڕێگە بۆ کۆتایهاتنی نەهامەتی و ئازارەکانی گەلانی ناوچەکە.

لە بەشێکی تری ئەم دیدارە ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ هەماهەنگی و چارەسەربوونی کێشەکان لەقەڵەم درا.