ئاكرێ-KDP.info- پسپۆرێكی یاسای سزایی، باس له مه‌ترسییه‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر و پرسی هۆشیاریی تاك و كۆمه‌ڵگه و چۆنیه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان و ڕێكاره یاسایی و په‌روه‌رده‌یی و ئه‌منییه‌كانی ده‌كات و دەشڵێ: ئه‌م بابه‌ته به مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یە بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشتمانی و كۆمه‌ڵگه، به تایبه‌تی بۆ سه‌ر توێژی گه‌نجان.
د.هه‌ڵگورد عه‌زیزخان، پسپۆری یاسای سزایی و مامۆستای زانكۆی ئاكرێ، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگه‌یاند: دیاردەی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، دیارده‌یه‌كى جیهانییه، به ڕێژه و شێوه‌ى جیاواز له وڵاتانى جیهاندا هه‌یە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
به‌هۆى مه‌ترسییه هه‌رێمایه‌تییه‌كانى سه‌ر ئاسایشى نیشتمانى و قه‌یرانه جیهانییه‌كان، سه‌ره‌نجام كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئاسایشى ناوخۆى وڵاتانى ناوچه‌كه و هه‌رێمى كوردستانیش درووست كردووە.
د. هه‌ڵگورد بۆ هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده هۆشه‌به‌ركان گوتی: یەکێک لەو هۆکارە سه‌ره‌كییانه‌ى پاڵ بە گەنجەوە دەنێت پەنا بۆ ماددەی هۆشبەر ببات بریتییە لە خۆده‌ربازكردن له فشاره‌كانى داكه‌وت وەک (واقیع)، جا ئه‌مه بۆ ئیسراحەتێكى كاتى بێت، یان بۆ زاڵبوون بەسەر فشارەکانی ژیانی ڕۆژانە، هه‌روه‌ها تەکنەلۆژیای مۆدێرن و کاریگەرییە دەرەکییەکان، به تایبه‌تی بڵاوبوونەوەی هەندێک فیلم و زنجیرە کە بانگه‌شه بۆ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەکەن، بەبێ ئەوەی دەرەنجامە مه‌ترسییه‌کانی بخەنه ڕوو، ئه‌مه‌ش وا دەکات هەندێک کەس سەرنجیان بۆ ئەزموونكردنى ڕابکێشێ، له لایه‌كی تریشه‌وه بەهۆی هەڵکەوتەی جیۆگرافیی ناوچەکە و نزیکیی لە هەندێک وڵاتی بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری ماددە هۆشبەرەکان و نزمیى ئاستى هۆشیاریی تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه سەبارەت بە مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان و کاریگەرییە دەروونی و جەستەییەکانیان، ئه‌مه‌ش وا دەکات گەنجان بە ئاسانی بکەونە داوی ئه‌م ته‌ڵه‌وه، له لایه‌كی تریشه‌وه، نەبوونی هۆشیاری لای دایکان و باوکان و مامۆستایان سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، زۆر جار کێشەکە گەورەتر و ئاڵۆزتر دەکات.
ئه‌و پسپۆرەی سزای یاسایی لە باسی لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی دیاردەی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر تاك و کۆمەڵگه گوتی: ئه‌و ماددانه مه‌ترسیدارن و كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ته‌ندروستی دروست ده‌كه‌ن، وه‌ك "کێشەی جگەر، نەخۆشییەکانی هەناسەدان، کێشەی دڵ، کەمبوونەوەی بەرگریی لەش"، به‌مەش تێچووی چاودێریی تەندروستی و بارگرانی دارایى له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت زیاد دەبێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كییە بۆ كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییەکانی وەک تێکچوونی پەیوەندیی خێزانی و زیادبوونی حاڵەتەکانی جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و زیادبوونی ڕێژه‌ی دزی و تاوان، هاوکات ئاڵنگاری بۆ خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان دروست دەکات و ئاسایشی کۆمەڵگه دەخاتە مەترسییەوە.
د. هه‌ڵگورد بۆ چۆنیەتی ڕێگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر گوتی: پێویسته دەربارەی قەبارەی مەترسی ماددە هۆشبەرەکان و سزای بەکارهێنەرانی، بەرنامەی هۆشیاری لە قوتابخانە و زانکۆکان چڕ بکرێتەوە، هەروەها هەڵمەتی هۆشیاریی بەرفراوان بە هاوبەشی "حکوومەت و دامەزراوە پەروەردەییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بنه‌ماڵه‌كان و نه‌هێشتنی بێكاری" ڕێکبخرێت، ئەمەیان هه‌نگاوێكى زۆر گرینگە بۆ دابینكردنى ئه‌م فۆڕمه له هۆشیارى و ئاگایى و بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵی ئاسایشی سنوورەکان، به‌و پێیه‌ى ده‌وڵه‌ت ئامرازى سه‌ره‌كى دابینكردنى ئاسایشى نیشتیمانییه، له‌م ڕوانگهیەشهوه، له‌ڕێگه‌ى كادیرى مرۆیى شاره‌زا و سوودوه‌رگرتن له ته‌كنه‌لۆجیاى سه‌رده‌م، فاكته‌رێكى به‌هێز دەبێت بۆ ڕێکارەکانی کۆنتڕۆڵكردنی سنوورەکان له پێناو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى قاچاخی ماددەى هۆشبەر.
هەروەها لێكتێگه‌یشتنى ئه‌منى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ ده‌بێته ئامرازێكى كاریگه‌ر له كۆنتڕۆڵى سنووره‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كانى بازرگانیكردن به‌و ماددانه، له‌باری ناوخۆییش، پێویستمان به پەرەپێدانی بەرنامەی چارەسەر و چاکسازی هه‌یه له زانستى تاوانى سه‌رده‌مدا، پێویسته ئاڵووده‌بووانى مادده‌ى هۆشبه‌ر وه‌ك نه‌خۆش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت كه پێویستییان به چاره‌سه‌ره، بۆیه پێویستە سەنتەرێکی چارەسەری تایبەتمەند بۆ ئاڵوودەبووان پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی دابین بکرێت، هەروەها پەرەپێدانی بەرنامەی چاکسازی بۆ یارمەتیدانیان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تێکەڵ بە کۆمەڵگه ببنه‌وه، جگه له‌مانه پێویستمان به توندترکردنی سزاکان بۆ بازرگانانی مادەی هۆشبەر هه‌یه، چونكه سزا یاساییه‌كان ئامرازى گرینگن بۆ دیسپلینكردنى تاكه‌كان و هێنانه‌دى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى یاساسه‌روه‌ر، دیاره له یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە ئەقڵییەکان لە هەرێمی کوردستان به ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٠، جه‌خت له هه‌ماهه‌نگیى نێوان كۆمه‌ڵگه و ده‌زگاكانى حكوومه‌ت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌م دیارده‌یه کراوەتەوە، هه‌ر بۆیه حکوومەتی هەرێمى كوردستان به گرینگیى و په‌رۆشه‌وه کار بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌م دیارده‌یه ده‌كات، له ده‌ره‌نجامیشدا كاریگه‌رى به‌سه‌ر ئه‌من و ئاسایش و سه‌قامگیرى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى ئاینده‌ى كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ده‌بێت.
سه‌لاح جه‌لال