Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چاودێرانى سیاسى بۆ KDP: پارتى لە حزب دەرچووە و سەنگەرى کوردایەتییە

سلێمانی-KDP.info- چاودێرانى سیاسى ڕایدەگەیەنن، پارتى دیدگا و ستراتیژى ڕوونى لە سیاسەتکردندا هەیە، گەلى کورد سیاسەتى پارتییان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و پاراستنى کوردستان قبووڵە، بۆیە پارتی بە بەهێزی دەهێڵنەوە و دەبینین پارتى بەردەوام لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگى لە هەڵکشاندایە دەشڵێن، سەرکەوتنى پارتى بۆ هۆشیاریی گەلى کورد دەگەڕێتەوە، چونكە پارتى لە حزب دەرچووە و سەنگەرى کوردایەتییە. 

موحسین جوامێر، نووسەر و چاودێرى سیاسى، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "سەرکەوتنى پارتى بۆ هۆشیاریی گەلى کورد دەگەڕێتەوە، هەرگیز پارتى نەبووم، بەڵام پارتى لە حزب دەرچووە و سەنگەرى کوردایەتییە، ئێمە چاودێریى سیاسەت و کارەکانى حزبەکان دەکەین، بەوەفاترین حزبە کە بەرگرى دەکات لە قەوارەى دەستووریى کوردستان، بەغدا و تاران و ئەنکەرە شەڕت دەکات، تاکە هێز بەرگرى دەکات، پارتییە، لە پارتى بڕۆ بەولاوە هیچ هێزێک نییە بەرگرى لە کوردستان بکات، لەو دۆخە سەختەدا هەموو حزبەکان دەیانەوێت دەنگیان لە بەغدا هەبێت، پارتى داهاتوو و خاکى کوردستانى مەبەستە و سیاسەت دەکات هەرێمەکە بکاتە دەوڵەت.

دەشڵێ: پارتى مێژووى هەیە بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانى، هەموو ئەو هەنگاوانەى ناویەتى، بەرهەمى هەبووە بۆ گەلەکەى، پارتى ئەو حزبەیە خیانەتى نەکردووە، دەبێت بڵێین خوایە تاکو دەبین بە دەوڵەت بنەماڵەى بارزانى و پارتیمان بۆ بهێڵە بە بەهێزى، چونکە بەهێزیی پارتى، پێوەستە بە پاراستن و بە بەهێزی هێشتنەوەى کوردستان.

مەشخەڵ کەوڵۆسى، چاودێرى سیاسى، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "تەنیا پارتى سیاسەت دەکات لە کوردستان، بەرنامەى هەیە و دەزانێت چى دەکات و دیدگاى ڕوونە، جەماوەرى پارتى دەنگدەرى حزبەکەى خۆیانن و پارتیش لەسەر ئاسۆى کۆمەڵایەتى کارى کردووە، بۆیە پارتى بێخەمە لە هەموو هەڵبژاردن و گۆڕانکارییە سیاسییەکان پێچەوانەى حزبەکانی تر، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت پارتى لە هەڵبژاردن بەردەوام لە پێشەوە بێت.

کەوڵۆسى گوتیشى: پارتى ستراتیژى هەیە و دیدگاى ڕوونە، سەرکردایەتیى پارتى دەستى کراوەیە لە بڕیارداندا، کە لە ئەندامێکى سادە بۆ ئەندامى مەکتەبى سیاسى، بە یەک گوتار قسە دەکات، یەک ئامانج و یەک ڕێکخستنى هەیە، ئێستا لایەنى دەرەکى بۆ دەساڵى تر دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ پارتى بکات، بەڵام بۆ حزبەکانى تر نازانن بۆ سێ ڕۆژى تر چۆن مامەڵە بکەن، لەسەر بابەتى عێراق و ناوچەکە سەیرى پارتى دەکرێت چۆن مامەڵە دەکات و بڕیارى چییە.

 

عەزیز ڕەسووڵ