ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو: "بە داخەوە، کاتژمێر 09:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ 17ی تشرینی دووەمی ،2024 لە سنووری خورماتوو، بۆمبێکی چێنراو بە کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی فەرماندەی فەوجی 3ی لیوای 1ی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق تەقییەوە."
وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا "عەقید ڕوکن سامان سابر سلێمان، فەرماندەی فەوج و عەقید محەممەد ڕەزا کەریم، ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی 9ی سوپای عێراق و ن.ض شەریف ئەحمەد محەممەدئەمین شەهید بوون، هەروەها سێ سەربازیش بریندار بوون."
ڕووداوەکە، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشـمەرگە، "تەقینەوەکە لە کاتی کێوماڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی ئاسایشی هاوبەش بووە. بەم بۆنە خەمناکەوە، پرسە و سەرخۆشیی لە خۆمان و کەسوکار و هەڤاڵ و هاوسەنگەرانیان دەکەین لە یەزدانی مەزن داواکارین سەبر و ئارامی بە ئێمە و ماڵبات و کەس و کارییان ببەخشێت."