Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ده‌روێش ئاغا ئه‌و هۆكارانه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ بوونه‌ته‌ هۆكاری زیادبوونی ده‌نگه‌كانی پارتی

هه‌ولێر‌-KDP.info- به‌رپرسی كۆمه‌ڵایه‌تیی گشتی باوەڕی وایه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنی مانگی رابردوودا جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارتی به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ چوونه‌ته‌ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان، به‌شێك له‌ خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی پارتیش ده‌نگیان به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان داوه‌.

ده‌روێش ئاغا، به‌رپرسی كۆمه‌ڵایه‌تیی گشتی، به ‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند: له‌ هه‌ڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبه‌ردا پارتی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێنا و ده‌نگه‌كانی پارتی به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو زیادیان كرد، زیادبوونی ده‌نگی پارتیش بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌وانه‌ش خه‌ڵكی پارتی ئه‌مجاره‌ چوونه‌ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگیان به‌ حزبه‌كه‌یان دا، خاڵێكی دیكه‌ی زیادبوونی ده‌نگی پارتیش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، خه‌ڵكێكی ده‌ره‌وه‌ی پارتی و سه‌ر به‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌نگیان به‌ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دا.

به‌رپرسی كۆمه‌ڵایه‌تیی گشتی ده‌ڵێت: ئێمه‌ به‌ ئامار لامانه‌ خه‌ڵكێكی زۆری سه‌ر به‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ هاتوونه‌ته‌ ناو پارتی و خه‌ڵكی كوردستان چاویان له‌ ده‌ستی پارتییه‌ و پارتی به‌ حزبی گه‌وره‌ی كوردستان ده‌زانن بۆ خزمه‌تكردن، ره‌نگه‌ به‌ هۆی نانبڕین و لێپرسینه‌وه‌ خه‌ڵكێك خۆی ئاشكرا نه‌كردبێت، کە له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌نگیان بۆ پارتی بووه‌.

ده‌روێش ئاغا روونیشی كرده‌وه‌: له ‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكدا پارتی بانگه‌شه‌یه‌كی هێمنانه‌ی به‌ڕێوه ‌بردووە، به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌ڵبژاردنی مانگی رابردووی په‌رله‌مانی كوردستان، ئێستاش هاووڵاتیان داواكارییان له‌ پارتی هه‌یه‌ و به‌ مافی ئه‌وانیشی ده‌زانم، چونكه‌ پارتی بەرپرسارێتیی مەزنی لەسەر شانە.

دەشڵێ: پێموایه‌ داواكاریی خەڵک، داواکاریی زۆر گه‌وره‌ نین بۆ پارتی، خه‌ڵكی كوردستان متمانه‌یان به‌ پارتی داوه‌ و مافی خۆشیانە داواكاریی خۆیان پێشكه‌ش به‌ پارتی بكه‌ن، ئێمه‌ به‌ لیست هه‌مانه‌ چه‌ندین داواكاری گه‌یشتووه‌ و كاریشیان له‌سه‌ر ده‌كرێت.

 

قائید میرۆ