Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زانیاری…لە پەرلەمان پێوەست بە بابەتێکی ھەرێم، کۆبوونەوەیەکی گرینگ ئەنجام دەدرێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێڕاق ئاشکرای کرد: ماددەی ١٢ لە یاسای بودجە ھەمواردەکرێتەوە کە باسی ھەناردەکردنی نەوت دەکات، پێش کۆتایی ئەمساڵ دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ڕۆژی شەممە  لیژنەی نەوت و غاز کۆدەبێتەوە. 

دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێڕاق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان تەنیا بۆ یەک پرس نەبوو،  گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێک کراوە، یەکێک لەوانە پرسی نەوت بووە، ئەوەی پەیوەندی بە نەوت ھەیە لە ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت گفتووگۆی لەسەر کراوە، کە ماددەی١٢م (ج) لە یاسای بودجە ھەمواربکرێتەوە و پێشنیاری ئەنجوومەنی وەزیرانیش ڕەوانەی پەرلەمان کراوە، ڕۆژی شەممە ئێمە وەکو لیژنەی نەوت و غاز کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی دیراسەی ئەو پێشنیارە بکەین و ڕای خۆمان بخەینە ڕوو، ڕێککەوتن کراوە لەسەر ئەوەی تێچووی دەرھێنانی نەوتی ھەرێم بکرێتە ١٦ دۆلار بۆ ئەو قۆناغە، تاوەکو ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێ دەکاتەوە، دواتر دەتواندرێت وردە وردە پارەکە زیاتر بکرێت تا ئەو کاتەی لیژنەیەکی دەرەکی دێت ھەڵسەنگاندن بۆ تێچووی دەرھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکات. 

دکتۆر سەباح سوبحی گوتیشی: ئێمە خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پێشنیارەکە دەکەین و دەنگی لەسەر دەدەین، ھەناردەکردنەوە ی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێ دەکاتەوە، بۆیە کار دەکەین پێش کۆتایی ساڵ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە، چونکە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگیان لەسەر پێشنیارەکە داوە و ڕەوانەی پەرلەمان کراوە کە گەیشتە پەرلەمانیش دەخرێتە بەرنامەی کار بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت. 

سوبحی باسی لەوەش کرد: بەھۆی ئەوەی ڕێککەوتنی سیاسی لە ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەسەر ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە کراوە، لە پەرلەمان بەبێ گرفت ئەو پێشنیارە تێپەڕدەبێت، چونکە ٢٠ملیار دۆلار زیان بەر خەزێنەی عێڕاق کەوتووە، بۆیە پێویستە ئەو کورتھێنانە کەمبکرێتەوە و یارمەتی عێڕاق بدەین، چونکە ٤٠٠ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم و ٣٥٠ھەزار بەرمیل نەوتی  کەرکووک دەبێتە ٧٥٠ھەزار بەرمیل نەوت، ئەوە داھاتێکی زۆرە و ھاوکاری خەزینەی عێڕاق دەکات، بۆیە ئەو پێشنیارە لە چوارچێوەی یاسای بودجە لە ماددەی ١٢ ھەموار دەکرێتەوە بۆ ئەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە. 

 

بڵند ئیبراھیم