Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئامادەكاریەكانی وەزارەتی شارەوانی بۆ دابەشکردنی وەجبەی نوێی زەوی لە KDPیەوە بزانە

ھەولێر-KDP.info- سەرپەرشتیاری لیژنەی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمەکانی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، وردبینی بۆ وەجبەی دووەمی فۆڕمی فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی زەوی تەواو دەبێ و دەدرێتەوە بە شارەوانییەکان، بۆ ئەوەی بەپێی زەویی ئامادەکراوی خۆیان، تیروپشکیان بۆ بکەن و دابەشی بکەن.

سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری یاسایی و سەرپەرشتیاری لیژنەی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمەکانی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: لە دوای دەرچوونی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، ئێمە دەستمان کرد بە کارکردن لەو بوارە و ڕێنماییمان دەرکرد، کە پێویستە فەرمانبەر سێ مەرجی سەرەکیی تێدا بێت، لەوانە، فەرمانبەر نابێت لە ٨ ساڵ خزمەتی کەمتر بێت، ھاوکات فەرمانبەری حکوومەتی ھەرێم بێت یان خانەنشین بێت لەسەر حکوومەتی ھەرێم، ھەروەھا پێشتر سوودمەند نەبووبێ لە وەرگرتنی زەوی.

سەربەست مەولوود دەڵێ: دوای دابەشکردنی فۆڕمەکان بەسەر فەرمانبەراندا، پێش ھەڵبژاردن نزیکەی ١٦ ھەزار ناو و لیستمان ئامادە کرد و وردبینییەکانی کرا، دواتر نێردرا بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێوە ڕەزامەندییان بۆ ھاتەوە کە ئەو ١٦ ھەزار زەوییە دابەش کرا بەسەر ٤ شارەوانیی سەرەکیدا لە ھەولێر و سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و زاخۆ، پێوەری سەرەکیی دابەشکردنی زەوییەکان بەپێی کارتی زانیاریی فەرمانبەرە، واتە فەرمانبەرێک لە ھەولێر نیشتەجێ بێت، بەڵام کارتی زانیارییەکەی لە چۆمان یان سۆران بێت، ئەوە لە ھەولێر زەوی وەرناگرێت، بەڵکو لەو شوێنە وەریدەگرێت کە کارتی زانیارییەکەی لێیە و نەقڵی ناردووە بۆ شوێنی نوێی نیشتەجێبوونی، دیارە لە شارەوانیی ھەولێر و سلێمانی تیروپشکیش ئەنجام دراوە بۆ ئەو فۆڕمە گەڕاوانە و زەوییەکانیان دابەش کردوون.

ناوبراو جەختیش دەکاتەوە: بۆ وەجبەی نوێی دابەشکردنی زەوی، ماوەی دوو ھەفتەیە خۆی بۆ ئامادە دەکەین و وردبینی لە لیستەکاندا دەکەین، ھەروەھا ڕۆژانە لە بەیانییەوە تا ٧ی ئێوارە بەردەوامین لەسەر کارەکە بەبێ وەستان، ھاوکات بۆ وەجبەی نوێ ھەوڵ دەدەین زۆر لەو ژمارەیەی جاری یەکەم زیاتر ئامادە بکەین، کە زەوی وەردەگرن، لای ئێمەوە وەک وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بابەتی وردبینی و ئامادەکردنی لیستەکان و دابەشکردنییەتی بەسەر شارەوانییەکاندا، بەڵام بابەتی تیروپشک و دابەشکردنی زەوییەکان دەوەستێتە سەر شارەوانییەکان، لەوانەیە شارەوانی ھەبێ لە ئێستادا زەویی نەبێ، بۆیە ڕەنگە تیروپشکی دوا بکەوێ، بەڵام شارەوانیش ھەیە کە زەویی ئامادەی ھەیە و دەست بە تیروپشکی زەوییەکان دەکات بۆ دابەشکردن.

 

سەلاح جەلال