Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەخموری: پێشنیاری سەرۆک بارزانی داواکاری و خواستی ھەموو خەڵکی کوردستانە

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری گشتی  یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، گوتی: ئێمە پشتگیری لە پێشنیاری سەرۆک بارزانی دەکەین بۆ ئەوەی لەدوای ھەڵبژاردن سەرجەم دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان یەکبخرێن و حکوومەتیش دەسەڵاتی لەسەر ھەموو ھەرێمی کوردستان ھەبێت.

 

 غەفور مەخموری، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پێشنیاری سەرۆک بارزانی بۆ ڕێکخستنەەی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان لە دوای هەڵبژێردن ژیرانەیە و پشتگیری لێ دەکەم، پێویستە بە ھەموو شێوازێک ھەوڵ بدرێت ھەرێمی کوردستان یەک ئیدارە بێت و شوێنەواری دوو ئیدارەیی نەمینێت و حکوومەتێکی تەکنوکراتی دەسەڵاتی لەسەر ھەموو سنووری ھەرێمی کوردستان ھەبێت، بۆ یەکخستنی ھێزی پێشمەرگەش ئەمە خواستی ھەموو تاکێکی کوردە لەشکرێکی یەکگرتوومان ھەبێت، پارێزگاری لە ھەرێمی کوردستان بکات، بۆیە گرینگە ھەموو دامودەزگاکان ڕێکبخرێنەوە و پەرلەمانێکی یەکگرتووشمان ھەبێت، ئەگەر ناکۆکی ناوخۆییشمان ھەبێت، بەڵام لەڕووی نیشتمانی و نەتەوەیی یەک بۆچوونمان ھەبێت، بۆپاراستنی دەستکەوتەکانی ھەرێمی کوردستان. 

غەفور مەخموری گوتیشی: ئێمە پشتگیری لە پێشنیاری سەرۆک بارزانی دەکەین و داواکارین کاری جدیشی لەسەر بکرێت و بە کردار جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەو پێشنیارە خواست و داواکاری خەڵکی ھەرێمی کوردستانە. 

دەشڵێت: سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستان لە سەرکەوتن و دۆڕانی حزبێک یاخود حزبێکی دیکە گرینگترە، ئەوە گرینگە ھەڵبژاردنەکە بەبێ کێشە تێپەڕی و خەڵک قسەی خۆی کرد، سەرەڕای ئەوەی لایەنەکان ھەندێک تێبینیان ھەبوو، بەڵام ئەوەی لای ئێمە گرینگ بوو، ھەرێمی کوردستان لەو پرۆسەیە سەرکەوت، سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستانیش لە ھەموو شتێک گرنگترە. 

 

بڵند ئیبراھیم