Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لایه‌نێكی بیانی ته‌خمینی پاره‌ی ده‌رهێنانی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كات"

هه‌ولێر‌ -KDP.info- جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز له‌ په‌رله‌مانی عێڕاق دەڵێت، پێشنیاره‌كه‌ی دوێنێی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێڕاق له‌باره‌ی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وت، ده‌شڵێت، لایه‌نێكی بیانی دێت بۆ دیاریکردنی نرخی ده‌رهێنانی نه‌وت له‌ هه‌رێم.

د.سه‌باح سوبحی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ئێمه‌ یاسای بودجه‌ بوو، لە ماددەی 12ی ناو یاسای بودجه‌ی گشتی عێراقدا هاتووە "هه‌موو كێڵگه‌كانی نه‌وت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بوەک یه‌ك سه‌یر ده‌كرێن"، ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مانتاری كورد له‌ لیژنه‌ی نه‌وت له‌ كۆبوونه‌یه‌كی وه‌زیره‌كان پێشنیارێكمان پێشكه‌ش كرد و گه‌یاندرایه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێڕاق، ئه‌و مادده‌یه‌ هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌، به‌ گوێره‌ی پێشنیاره‌كه‌، وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ لایه‌نێكی ده‌ره‌كی دیار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ته‌خمینی گوژمه‌ی ده‌رهێنانی نه‌وت له‌ كێلگه‌كانی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بکات.
جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز گوتیشی: ژینگه‌ی ده‌رهێنانی نه‌وت له‌ كێڵگه‌كانی هه‌رێم به‌راورد به‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق جیاوازە، دوێنێ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاری خۆی دا، ئه‌مڕۆ پێشنیاره‌كه‌ ده‌گاته‌ په‌رله‌مان و حه‌فته‌ی داهاتوو له‌ په‌رله‌مان گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت، پێش كۆتایی هاتنی ئه‌مساڵ ده‌مانه‌وێت یاسای بودجه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌.
د.سه‌باح سوبحی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ کرد: به‌پێی پێشنیاره‌كه‌ دوای هه‌مواری ئه‌و مادده‌یه‌ له‌ ماوه‌ی 60 ڕۆژدا لایه‌نێكی ده‌ره‌كی دێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌خمینی ده‌رهێنانی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان بکات، ئه‌وه‌ش پێشنیارێكی باشه‌، پێشتر خۆمان داوامان كردبوو به‌و شێوه‌یه‌ بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بێت هه‌نارده‌ ناكرێت، ئه‌و پاره‌یەی وه‌ك حه‌قده‌ستی كۆمپانیاكان دیاری كرابوو وه‌ك پێویست نه‌بوو.

قائید میرۆ