دھۆک-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێت، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ھۆی ئەو خزمەتە گەورەیەی پێشکەشی خەڵکی کوردستانی کردووە، سەرکەوتنێکی گەورەی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە، چونکە خەڵکی کوردستان خزمەتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی لەبەرچاوە.
دکتۆر دیندار دۆسکی، سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ھەڵبژاردن، پرۆسەیەکی دیموکراسییە و خەڵک دەزانێت کێ خزمەتی کردووە و دەنگی پێ داوە، هاونیشتمانیانی ھەرێمی کوردستانیش خزمەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان لەبەرچاوە و زۆرینەیان دەنگیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان داوە.
دۆسکی ڕوونیشی دەکاتەوە: پێویستە ئێمەش رێز لە دەنگی خەڵک بگرین، چونکە زۆرینەی خەڵک دەنگی بە پارتی داوە، بۆیە ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی پارتی، مایەی ئومێد و شانازییە.
گوتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەن دوو پڕۆژەیە، یەکێک پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانییە و خەباتی دەیان ساڵەیه، کە بە ھەزاران شەھیدی لە پێناودا داوە و پڕۆژەی دووەمیش خزمەتی خەڵکی کوردستانی کردووە لە رێگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، کە سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی ھەرێم بەردەوام خزمەتیان کردووە.
ناوبراو ئاماژەش دەدات: ھەرێمی کوردستان خزمەتێکی زۆری کراوە و ئێستاش شارەکانی ھەرێمی کوردستان بەراورد بە شارەکانی عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، نموونەن، بۆیە حکوومەت خزمەتێکی زۆری پێشکەشی خەڵکی کوردستان کردووە، ھەر ئەمەش وای کردووە خەڵکی ھەرێمی کوردستان ئەوەی لەبەرچاو بێت و دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان بدات و پارتیش ئەو سەرکەوتنە گەورەیە تۆمار بکات.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، زۆرینەی دەنگی بەدەست ھێنا و بەراورد بە ھەڵبژاردنی ڕابردووش، دەنگی زۆر زیادی کردووە، لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا لە کۆی ١٠٠ کورسی، ٣٩ کورسیی بەدەست ھێناوە.
بڵند ئیبراھیم