Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق دەكات

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژی دووشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ئەلینا ڕۆمانوسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە بەڕێز ستێڤ بیتنەر كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی بیستی ئۆكتۆبەری ڕابردووی پەرلەمانی كوردستانی لە سەرۆك بارزانی كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كەشێكی دیموكراسیانە و ئارامدا و لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێ، وێنەیەكی شاییستەی هەرێمی كوردستانی پێشانی هەموو لایەك دا.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كرد كە سەرباری بوونی كۆمەڵێك كێشەی تەكنیكی بەڵام ڕۆڵی بەرچاویان لە سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا هەبووە. لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا باس لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی هەرێم و دانوساندنی نێوان لایەنەكان كرا و سەرۆك بارزانی هێمای بەوە دا كە پارتی تیمێكی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكوومەت و ئەجێندای حكوومەتی داهاتوو پێكهێناوە و ڕاشیگەیاند كە پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك نییە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.