Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: داواكاریی سه‌رۆك بارزانی داواكارییه‌كی نیشتیمانییه‌

هەولێر-KDP.info- سكرتێری گشتیی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، باس له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌می حكوومه‌ت ده‌كات و ده‌ڵێت: هه‌بوونی بنه‌مای یه‌ك ئیداره‌ و یەک حكوومه‌ت و پەرلەمان و هێزی پێشمه‌رگه‌، باشترین بژارده‌یه‌.

به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: دوای ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ چاوه‌ڕوانی، هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام درا و دوای ئەوەش بابه‌تی تانه‌كان هات كه‌ هه‌فته‌یه‌ك ده‌خایه‌نێت، بۆیە ده‌بێت خولی تازه‌ی په‌رله‌مان به ‌زوویی كۆببێته‌وه‌ و چه‌ند ئه‌ركێكی پێشینه‌ هه‌یه‌ بۆ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ خولی تازه‌دا.

عەبدوڵڵا گوتیشی: یه‌كه‌م ئەرک، راسپاردنی لایه‌نه‌كانه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی تازه‌، کە كوتله‌ی براوه‌ راده‌سپێردرێت بۆ پێکهێنانی حكوومه‌ت، دووه‌م: په‌رله‌مان ده‌بێت پرسی ده‌ستوور بكاته‌ ئه‌وله‌ویه‌ت و بابه‌تی له‌پێشینه‌ی په‌رله‌مان، سێیه‌م: ئێمه‌ له ‌قۆناغێكی هه‌ستیارداین چ لە عێراق و چ لە كوردستان، به ‌تایبه‌ت ئه‌و بارگرژی و ئاڵۆزییه‌ی له‌ ناوچه‌كەدا‌ هه‌یه‌، لێمان ده‌خوازێت لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن بێنه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی نیشتیمانی كابینه‌ی ده‌یه‌م راسپێردرێت، تا ئەرکی خۆی ئەنجام بدات و له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یەکی نیشتیمانیدا‌ رووبه‌ڕووی ئاڵنگارییه‌كان ببێته‌وه‌.

ناوبراو دەشڵێ: خه‌ڵك چاوه‌ڕوانی ئەوە ده‌كه‌ن ئه‌و كه‌لێنه‌ی دروست بووه،‌ له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی نیشتیمانیدا چاره‌سه‌ر بكرێت و حكوومه‌ت چه‌ند ئه‌ركێكی گرنگی له ‌به‌رده‌م ده‌بێت، له‌وانه‌ بابه‌تی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ و چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ عێراق، کە لایه‌نه‌ براوه‌كان به‌رپرسیار ده‌بن و ده‌كه‌ونه‌ به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تیی دۆخه‌كه‌وە له‌ ناوچه‌كه‌دا، جیا له‌وه‌ش حكوومه‌تی تازه‌ ده‌بێت هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆی بکات و ئاماده‌ بێت بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ وه‌ك سه‌رژمێری.

له‌باره‌ی داواكاریی سه‌رۆك بارزانی بۆ هه‌بوونی یه‌ك حكوومه‌ت و یه‌ك ئیداره‌ و په‌رله‌مان و هێزی پێشمه‌رگه‌، به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا ئه‌وه‌ی خسته ‌ڕوو: ئه‌مه‌ داواكارییه‌كی نیشتیمانییه‌ و داواكاریی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانه،‌ كابینه‌ی ده‌یه‌م ده‌بێت ئه‌مه‌ به ‌زوویی چاره‌سه‌ر بكات، تا كه‌ی ئێمه‌ دوو هێزی پێشمه‌رگه‌مان هه‌بێت! تا كه‌ی ئێمه‌ دوو ئیداره‌ و دوو سیستممان هه‌بێت! ئه‌و قۆناغه‌ ته‌واو بووه‌ و ده‌بێت یه‌ك حكوومه‌ت هه‌بێت و به‌رپرسیار بێت له ‌هه‌موو كوردستان و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستاندا هه‌بێت، چونکە ناكرێت قۆناغی رابردوو به‌رده‌وام بێت، ده‌بێت كابینه‌ی ده‌یه‌م له‌سه‌ر بنه‌مای نیشتیمانی دابمه‌زرێت و په‌له‌ له‌ پێكهێنانیدا بکرێت.