سۆران-KDP.info- پسپۆڕێكی بواری جیۆگرافیای سرووشتی له زانكۆی سۆران باوەڕی وایه، سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م بۆ پاراستنی سامانی ئاو، شاكاری گه‌وره‌ن و ئاسایشی ئاوی بۆ 20 ساڵی داهاتوو دابین كردووه.
پ. ی دكتۆر عومەر حەسەن، سه‌رۆكی به‌شی جیۆگرافیای زانكۆی سۆران، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگه‌یاند: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەمدا زۆر دووربینانە و لێزانانە هەڵسوكەوتی لەگەڵ پرسی ئاو كردووە و فاكتەرەكانی بایەخدان بە دەرامەتی ئاو لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانه‌وه زۆر گرنگ و پڕبایه‌خن، چونكه توانیویه‌تی خوێندنه‌وه‌ی ورد بۆ گۆڕانكارییە ئاووهەواییەکان و مەترسییەكانی وشكەساڵی هەروەك ئەوەی لە ساڵانی 1999-2000-2001 و ساڵەكانی 2019-2020-2021، ڕوویان دا، بكات و سیاسه‌تی به‌نداوسازیی ئێران و توركیای به وردی دیراسه كردووه و ویستوویه‌تی كاریگه‌رییه خراپه‌كانی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به لانی كه‌م بگه‌یه‌نێت و هه‌ستی به دابه‌زینی ئاستی ئاو كردووه و ئه‌و ستاندارده‌ی كه بڕەبەشی تاك لە ئاوی سازگار كە نەتەوە یەكگرتووەكان بڕی 1000 مەتر سێجای بۆ هەر تاكێك لە ساڵێكدا بە هێڵی هەژاری و دەوڵەمەندیی ئاو دیاری كردووە، زانیوە و سیاسه‌تی ئاویی خۆی له‌سه‌ر بونیات ناوه.
دكتۆ عومەر هه‌روه‌ها گوتی: بایەخدان بە بنیاتنانی بەنداو و پۆندەكان بۆ گلدانەوەی ئاو و بەكارهێنانی لە كاتی پێویست، لەگەڵ ئەو هەموو بەربەستانە لەلایەن حكوومەتی مەركەزییەوە دروست دەكرێن، به‌ڵام لە تەمەنی ئەو كابینەیەدا توانراوە زیاتر لە 33 بەنداو و پڕۆژەی ئاودێری بنیات بنرێن، كه (21) پڕۆژەیان كارەكانیان بە كۆتا هاتووە، وه‌ك ته‌واوكردنی به‌نداوی گۆمەسپان بە توانای لەخۆگرتنی (115 ملیۆن مەتر سێجا) كە سێیەم بەنداوە لە دوای بەنداوی دوكان (6.8 ملیار مەتر سێجا)، دەربەندیخان (3.8 ملیار مەتر سێجا). هەروەها بەنداوەكانی (شەوگێر 15 ملیۆن مەتر سێجا) و ( بەستۆرە 50 ملیۆن مەتر سێجا) و (چەمەرگە 21 ملیۆن مەتر سێجا) و ( خنس7 ملیۆن مەتر سێجا) و بەنداوەكانی تۆرجان و دیوانە و ئاقوبان و چەندین بەنداو و پۆندی دیكە، كه ئه‌م پڕۆژانه سوودیان بە هەرێمی كوردستان گەیاندووە و گرنگن بۆ زامنكردنی ئاسایشی ئاوی هەرێمی كوردستان و گرنگن له رووی رێگریكردن لە دابەزینی بڕەبەشی تاك لە 1000 مەتر سێجا ئاو لە ساڵێكدا، لە رێگای ئەو پڕۆژانەشەوە حكوومەت توانیویەتی بۆ 20 ساڵی دیكە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئاو نەهێڵێت.
ناوبراو روونیشی كرده‌وه كه: ئه‌م پڕۆژانه ده‌بنه هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی مەترسیی لافاو و هه‌روه‌ها گلدانه‌وه‌ی ئاوی باران، کە ئه‌م پڕۆژانه سوودی به‌رچاویان ده‌بێت له رووی كشتوكاڵی و پیشه‌سازیی قورس و سووك و په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزار و ده‌بنه مایەی راكێشانی هەزاران گەشتیار و رەخساندنی هەلی كار و هه‌م هاوكاریش ده‌بێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ئاوی ژێر زه‌وی و به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با به تێچوویه‌كی كه‌م و ژینگه‌دۆستانه، هەروەها ڕێگه‌خۆشكه‌رن بۆ په‌ره‌سه‌ندنی سامانی ئاژه‌ڵ و ماسی، هه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته دروسته‌ش رێگری له بیابانبوون ده‌كات و هۆكاره بۆ پاراستنی ئیكۆ سیستم.
به گشتی سیاسه‌تی ئیداره‌دانی ئاو له لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه ژیانی ملیۆنان هاووڵاتی له مه‌ترسی رزگار كردووه و ئەوەی كراوە بە كارێكی مەحاڵ دەچێت، به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێم مەحاڵی كرده مومكین و واقیع له رووی ئیداره‌دانی ئاوه‌وه و جێگای سوپاس و ده‌ستخۆشییه.
سه‌لاح جه‌لال