Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی پارتی بریتییە لە خەمخۆری و هه‌مووانیش تێیدا براوه‌ ده‌بن

سلێمانی-KDP.info- مامۆستایه‌کی زانكۆی سلێمانی ده‌ڵێ، پارتی له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ تا ئێستا به‌رده‌وام شه‌رعیه‌تی جه‌ماوه‌ریی خۆی نوێ كردووەته‌وه‌ و به‌ دیدگا و سیاسه‌ته‌ نیشتمانییه‌كانی ویستوویه‌تی هه‌رێمێكی یه‌كگرتوو و به‌هێز و خاوه‌ن ستراتیژ هه‌بێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌حه‌دییه‌كان و پێشكه‌وتن و ئارامی، کە ئه‌و بنه‌ما گرنگانه‌ی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌م خستووه‌ته‌ رۆژه‌ڤی سیاسیی كوردستانه‌وه‌.

كارزان ئه‌حمه‌د، مامۆستای زانكۆی سلێمانی و پسپۆڕی په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: وەک دەزانین لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991ی گه‌لی كوردستان، جەنابی سەرۆک بارزانی له‌ شاری كۆیه‌ په‌یامی گۆڕینی شەرعییەتی شۆڕشگێریی بۆ شەرعیەتی یاسایی لە هەرێمی کوردستان ئاراسته‌ی هه‌موو لایه‌ك كرد و ئه‌مه‌ پڕه‌نسیپی نه‌گۆڕی پارتی و سه‌رۆك بارزانی بووه‌، كه‌ ئه‌م حزبه‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا وه‌ك هێزی یه‌كه‌م ماوه‌ته‌وه‌ و دواین هه‌ڵبژاردن بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان، ئه‌و پێگه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ی پارتی سه‌لمانده‌وه‌.

كارزان ئه‌حمه‌د هه‌روه‌ها گوتی: پارتی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی وه‌كو هێڵی گشتی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌م خستووه‌ته‌ ناو گۆڕه‌پانی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك بارزانی جەختی له‌وە كردووەته‌وه،‌ كه‌ یه‌ك هه‌رێم، یه‌ك حكوومه‌ت، یه‌ك هێزی پێشمه‌رگه‌ و یه‌ك په‌رله‌مان زه‌رووره‌تی ئه‌م قۆناغه‌ی حوكمڕانیی كوردستانن، كه‌ ده‌كرێ به‌م شێوه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكه‌ین:

یه‌ك هه‌رێم، واته‌ پارتی باوه‌ڕی به‌ ناوچه‌گه‌رێتی و زۆنسازی نییه‌ و پێی وایه‌ ئێمه‌ هه‌موومان خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌ین به‌ بێ جیاوازی.

یه‌ك حكوومه‌ت، واته‌ پارتی ده‌یه‌وێت حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ كابینه‌ی ده‌یه‌م ده‌ستی كراوه‌ بێت له‌ بواری جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ و پلانه‌كانی له‌ سه‌رتاسه‌ری خاكی هه‌رێمدا و كه‌س له ‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا رێگری نه‌كات و ئه‌زمونی خراپی رابردوو دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ و حكوومه‌ت ده‌ستی كراوه‌ بێت، بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی هه‌موو ناوچه‌ جوگرافییه‌كانی كوردستان بكات به‌ بێ جیاوازی.

یه‌ك هێزی پێشمه‌رگه،‌ به‌و واتایه‌یه‌ كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ژێر ركێفی بریاری حزبیدا جووڵه‌ نه‌كات و وه‌زاره‌ت و موئه‌سه‌سه،‌ بڕیار له‌سه‌ر جووڵه‌پێكردنی بدات نه‌ك حزب و مه‌زاجی شه‌خسی، چونكه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ هی گه‌لی كوردستانه‌ و بۆ پاراستنی خاک و خەڵکی كوردستانه‌‌.

ناوبراو دەشڵێ: یه‌ك په‌رله‌مان، واته‌ په‌رله‌مانێك كه‌ یاساكانی و ئه‌جێنداكانی بۆ سه‌رجه‌م پێكهاته‌ و دانیشتووانی هه‌رێم بێت و ئه‌و یاسایانه‌ی ده‌ریده‌كات زۆرترین چین و توێژی خه‌ڵكی كوردستان لێی سوودمه‌ند بن و حه‌ڵقه‌ی یه‌كگرتوویی كوردستان بێت. هه‌ر حزب و لایه‌نێك به‌م ئه‌سڵانه‌ باوه‌ڕمه‌ند بێت و به‌ كرده‌وه‌ پشتگیری بكات، پارتی به‌ هاوبه‌شی خۆی ده‌زانێ له‌ حكوومه‌تدا و ده‌ستی هاوكاری و پێكه‌وه‌بوونی بۆ درێژ ده‌كات.

ئاماژەشی دا: لەسەر ئاستی گشتی، پەیامی پارتی بریتییە لە خەمخۆری و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی بۆ پێکەوەیی و یەکڕیزی لە ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیدا، ئه‌مه‌ش به‌ره‌نجامی روانگایه‌كی گشتگیری نیشتمانییه‌ و پێویسته‌ هه‌موان به‌ گیانی برایه‌تی و یه‌كگرتوویی پێشوازیی لێ بكه‌ن، چونكه‌ هه‌مووان تێیدا براوه‌ ده‌بن.

 

سه‌لاح جه‌لال