ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی کۆتایی ھاتن و سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.
ھاووڵاتییانی خۆشەویست.
بەڕێزان لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکانی کوردستان.
بەبۆنەی کۆتاییھاتن و سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، بە گەرمی پیرۆزبایی لە تەواوی گەلی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە دەکەم، ھەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگدان، ھەڵنانی ھەنگاوێکی گرنگ بوو لە بەھێزکردنی ڕەوتی دیموکراسیی گەلی کوردستاندا. ھاوکاریی ھەموو لایەک بۆ سەرخستن و بەڕێوەچوونی بێ کێشەی پرۆسەکە، مایەی شانازی و پێزانینە. لەم سەرکەوتنەدا، گەلی کوردستان براوەیە.
ھەڵبژاردن نوێکردنەوەی ڕەوایەتیی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان و گەیاندنی ئازادانەی بیر و دەنگتان بوو، بۆ دیاریکردنی نوێنەرەکانتان لە پەرلەمان، ئەوەی لە گیانی کێبڕکێی ئاشتییانە و ڕێژەی بەشداریی فراوانی ھاووڵاتییان لە بانگەشە و پرۆسەی دەنگداندا بینرا، ئەوە دەسەلمێنێت کە گەلی کوردستان مکوڕە لەسەر ئەوەی بنەماکانی دیموکراسی و مافی خۆی بۆ بڕیاردان لە چارەنووس و داھاتووی خۆی، بەھێز بکات و نیشانەی زیندوویی و پێگەیشتنی زیاتری کولتووری دیموکراسیی گەلی کوردستانە.
زۆر سوپاس بۆ ھاووڵاتییانی کوردستان، ھەروەھا بۆ ھەوڵ و کۆششی ھێزە ئەمنییەکان، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق، یۆنامی و تەواوی ئەو لایەنانەی لە بەڕێوەبردن و سەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا، بەشدار بوون، پابەندی و ھاوکاریی ھەموو لایەکتان، کلیلی ئەم سەرکەوتنە بوو، دەستخۆشی و پێزانینمان ئاراستەی ھەمووان دەکەین.
ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بە شێوەیەکی ئارام و شارستانییانە، سەرکەوتنێکی گەورەیە کە جیھان بە ڕێزەوە سەیری دەکات، بەڵام ئەوەی ئەم سەرکەوتنە تەواو دەکات و گەلی کوردستان بە پەرۆشەوە چاوەڕێیەتی، ئەوەیە دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان، لایەنە سیاسییەکان بە زووترین کات حکوومەت پێکبھێنن.
حکوومەتێک کە بتوانێت سەقامگیریی پتەوتر و ئابوورییەکی بەھێز بھێنێتە ئاراوە و برەوی زیاتر بە مافەکان بدات، پێویستییەکی لەپێشینەی قۆناغ و ئاڵنگارییەکانی ئێستا و بنیاتنانی داھاتووی ھاوبەشمانە، ئەوەش بە گیانی پێکەوەیی و تەبایی و ھاریکاریی ھەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکان دەکرێت.
سڵاو و دروود لە گیانی پاکی شەھیدان.
ھیوای سەرکەوتن بۆ ھەموو لایەک دەخوازم.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٤/١٠/٢١