Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د.دلاوەر ئاژگەیی: ئەم ھەڵبژاردنە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەی ھەرێمی کوردستان بەھێزتر دەکات


یەکێتی ئەورووپا -KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا گوتی: ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەھێزتر دەکات، بۆ ئێمەش گرینگە و دەتوانین پەیوەندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان زیاتر بۆ پێشەوە ببەین، بە تایبەتیش بۆ پارتی دیموکراتی کوردسان سەرکەوتنێکی گەورەیە.


د.دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردن یەکێکە لە بنەماکانی دیموکراسی، بەتایبەت لە ھەرێمی کوردستان و بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە ھەر لە سەرەتای دامەزراندی بڕوای پێی ھەیە و لە ناوەکەشی دیارە، سەرکەوتنی ھەڵبژاردن بۆ پارتی دەگەڕێتەوە، چونکە لە سەرەتای ڕاپەڕین، سەرۆک بارزانی یەکەم جار لە کۆیە ئەو پێشنیارەی کرد، بۆیە ئەمە خۆی لەخۆیدا سەرکەوتنە، لەکاتێکدا ھەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی قەیراناوییە، کەچی ئەو ھەڵبژاردنەی بەبێ کێشەی گەورە و سەرکەوەووانە تێپەڕاند، زیاتر لە ٧٢%ی خەڵکی کوردستانیش بەشدارییان کردووە، ئەمەش سەرکەوتنە، چونکە ئەگەر لەگەڵ بەشێک لەو وڵاتانەی دەمێکە دیموکراسیەت پەیرەو دەکەن بەراورد بکرێت، ڕێژەکەی لەوان زیاترە، بۆیە خەڵکی  کوردستان بڕوای بە ھەڵبژاردن ھەیە، بڕوای بەوە ھەیە دەتوانێت چارەنووس و دواڕۆژی خۆی دیاری بکات.
د.دلاوەر ئاژگەیی گوتیشی: ئەم ھەڵبژاردنە کاردانەوەی لەسەر پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەبێت، ئەمەش سەرکەوتنێکە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆش باڵیۆزی یەکێتی ئەورووپا لە عێڕاق بەناوی یەکێتی ئەورووپا پیرۆزبایی لە ھەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێتی ئەورووپا پەیوەندی باشی لەگەڵ ھەرێم ھەیە، ئەم ھەڵبژاردنەشی بە ھەنگاوێکی سەرکەوتن ھەژمار کردووە .. وەکو یەکەم لایەن بە فەرمیی ھەڵوێستیان ھەبووە، دوای ئەنجامی فەرمیی، ھەمووان دێنە سەرخەت، بۆیە ئەمە دەستکەوتێکی باشە بۆ ھەرێمی کوردستان، دەتوانین بەم شێوازە شارستانی و سەردەمیانەیە بەشداری ھەڵبژاردن بکەین و ڕای بەرامبەر قبووڵ بکەین، ھەر چەندە لە بانگەشە زمانی زبر بەکارھاتووە، بەڵام نەبووە ھۆی ئەوەی توندوتیژی دروست بێت، وڵاتانیش چاودێری ئەم بارودۆخەیان کردووە، بۆیە ئەمە دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ ھەرێمی کوردستان و دەبێتە پاڵپشتێکیش بۆ ئێمە لە وڵاتان و پەیوەندییەکان زیاتر بەرەوپێش دەچن، ئەمەش هەرێمی کوردستان سەقامگیر و بەھێزتر دەکات.

بڵند ئیبراھیم