Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی ھەرێم پێشوازی لە بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی ھێزەکانی ئەڵمانیای لە عێراق کرد

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی ھێزەکانی ئەڵمانیای لە عێراق کرد و جەختیشی کردەوە کە ھێشتا داعش ھەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر عێراق و ناوچەکە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بە زمانی ئینگلیزی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: "بەگەرمی پێشوازی لە بڕیاری حکوومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیا دەکەم بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی ھێزەکانیان لە عێراقدا".

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: "داعش ھێشتا ھەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ عێراق و ئاسایشی و سەقامگیریی ناوچەکە، ھەروەھا ئامادەیی و ھاوکاریی ھاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانمان لە شەڕی دژی داعش بەرز دەنرخێنم".

ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمانی ئەڵمانیا بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران دەنگی لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی ١٥ مانگی دیکەی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق دا.

سوپای ئەڵمانیا کە ئێستا ٥٠٠ سەربازیان لە عێراقن، ئەرکی سەرەکییان لەچوارچێوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان، بریتییە لە مەشق و ڕاھێنان و ڕێگریکردن لە دووبارە سەرھەڵدانەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش.

بەگوێرەی بڕیارەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی پەرلەمانی ئەڵمانیا، سوپای ئەو وڵاتە تا ٣١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٦ لە عێراق دەمێنێتەوە.