Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی زەوی لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی و گەرمیان و زاخۆ دەستیپێکرد

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی ٥ ھەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران لە شاری ھەولێر دەستیپێکرد، لەگەڵ دابەشکردنی زیاتر لە دوو ھەزار پارچە زەوی دیکە بەسەر کەسوکاری شەھیدان.

بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی کوردستان و کەسوکاری شەھیدان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر و سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ھەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە فەرمانگەکانی حکوومەت و نوێنەری وەزارەتەکان قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی ٥ ھەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران لە شاری ھەولێر دەستیپێکرد، لەگەڵ دابەشکردنی زیاتر لە دوو ھەزار پارچە زەوی دیکە بەسەر کەسوکاری شەھیدان.

ھاوکات ھەر ئەمڕۆکە لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ٦ ھەزار و ٥٧٧ پارچە زەوی وەک قۆناغی یەکەم دابەش دەکرێت، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش بۆ قۆناغی یەکەم ڕەزامەندی لەسەر ٢ ھەزار ٤٧٤ پارچە زەوی دراوە، دوێنێش ھەزار و ٢٤١ پارچە زەوی لە زاخۆ ڕاگەیەندرا.

ئەمەش مژدەیەکی خۆشی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لە ھەموو ئەو شوێنانە دەستیپێکردووە کە شارەوانییەکانیان کارەکانیان تەواو کردووە و ڕێکارەکانی پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی سوودمەندبوونی فەرمانبەران لە زەوی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان.