Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

باوکی دووشەھیدی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر داوا دەکەن خوێنی کوڕەکانیان بەفیڕۆ نەچێت

بەردەڕەش -KDP.info- ئەمڕۆ لە قەزای بەردەڕەش، لە ساڵیادی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، مەراسیمێک بۆ شەھیدانی ئەو یادە سازکرا و تێیدا پەردە لەسەر وێنەی دوو شەھید لادرا، باوکی یەکێک لە شەھیدەکانیش دەڵێت: داواکارین خوێنی شەھیدانمان بەفیڕۆ نەچێت کە بوونە ھۆکاری شەھیدبوونی کوڕەکانی ئێمە لە کەرکووک. 

باوکی شەھید حەسیب، عەلی گۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەتێکی گەورەیە و لەو ڕۆژە خیانەتێکی گەورە لەگەڵ خەڵکی کوردستان کرا، ئەو شارە "دڵی کوردستان" تەسلیم بە داگیرکەران کرا، بۆیە ئێمەشیان لەو ڕۆژەدا جەرگ سوتاوکرد و کوڕی من شەھید حەسیب لەپێناو خاکی کورد و کوردستان شەهید کرا، ڕۆحی شەھیدان شادبێت و شەرمەزاری بۆ خیانەتکار و خاکفرۆشان، بۆیە داواکارین خوێنی شەھیدانمان بەفیڕۆ نەچێت. 

لای خۆیشیەوە عیسا گۆران بەناوی شەھید شڤانەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: شەھید شڤان یەکێکە لەو شەھیدانەی لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر شەھید بووە و خوێنی خۆی بەخشیە خاکی کورد و کوردستان، ھیوادارم خوێنی شەھیدەکانمان بەفیرۆ نەچێت، ئێستاش ئامادەین خوێنی خۆمان پێشکەشی کورد و کوردستان بکەین، بۆیە شەھیدان ھەر زیندوون و خاکفرۆشانیش جگە لە سەرشۆڕی ھیچیان بۆ نامینێتەوە. 

ئەمڕۆ ساڵیادی خیانەی ١٦ی ئۆکتۆبەرە و لەم ڕۆژەوە ھێرش کرایە سەر خاکی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە قارەمانانە بەرگریان کرد، بەداخەوە لەو بەرگرییە ژمارەیەک پێشمەرگە شەھید بوون، دوو لەوانە خەڵکی کۆمەڵگەی بەنێنانی سەر بەقەزای بەردەڕەش بوون، ئەمڕۆش وەکو ڕێزگرتنێک لەو یادە ڕەشە لە مەراسیمێکی شایستەدا پەردە لەسەر وێنەکانیان لادرا. 

 

بڵند ئیبراھیم