Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: ئامادەبوونتان ئومێد بەخش و هێز بەخشە..ھەولێر ھەر ھەولێرە

ھەولێر-KDP.info-  سەرۆک بارزانی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری پارتی و پشتیوانی لە لیستی 190 لە گوتاریدا وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبوون رایگەیاند: جەماوەری تێکۆشە ر و خۆڕاگر، هەمووتان بەخێربێن ئامادەبوونتان جێگەی شانازییە، ئومێد بەخشە، هێز بەخشە. ئێوە نیشانتاندا و سەلماندتان ئا ئەمەیە پارتی.

هەروەها گوتی: شانازییەکی گەورەیە کە ئەمڕۆ کوردستان گەیشتووتە قۆناغێک گەلی کوردستان بە هەڵبژاردن و بە ڕەئی خۆی شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان دەست نیشان دەکات. ئەمە سەرکەوتنێکی مەزنە و دەستکەوتێکی مەزنیشە. ئەمڕۆ دوا ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنە ئەم هەڵبژاردەنە دەبووایە دوو ساڵ لەمەوپێش بکرایە، بەڵام هەندێک لایەن هەر کۆسپیان دروست دەکرد و خۆیان دەدزییەوە، بە خەیاڵی خۆیان بە هەڵبژاردنێکی پێشوەخت دیزاینکراو پارتی دەشکێنن.

لای هەموو ڕوونە پارتی خاوەنی بیرۆکەی هەڵبژاردنە لە کوردستان، لە نەورۆزی ڕاپەڕینی 1991 من داوام کرد دەبێت هەڵبژاردن لە کوردستان بکرێت، بۆ ئەوەی لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕییەوە بچینە شەرعییەتی دەستووری و هەڵبژاردن بکرێت میللەت ڕەئی خۆی بدات، شوکور بۆ خوای گەورە و ئێوەی تێکۆشەر هەر لە یەکەم هەڵبژاردنەوە تاوەکوو داویی هەڵبژاردن پارتی یەکەم بووە و لەمەودواش هەر یەکەم دەبێت.

هەر لە گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی رایگەیاند: سەرەڕای سنوورشکێنی هەندێک کەس و لایەن لە بەکارهێنانی زمانی زبر و وشەی نەشیاو، بەڵام ئێمە تەحەمولمان کرد، سوپاسی هەموو دامودەزگاکانی پارتی دەکەم کە نەهاتنە ئەو ئاستە نزمەی کە هەندێک کەس دەیانویست پارتی ڕابکشینە ناوی.

هەروا ئاماژەیدا، کاتێک هەندێک بڕیار لە بەغدا بە چاوساغی هەندێ لایەنی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەرچوون، بۆ هەڵبژاردنێک وەکوو وتم پێشوەخت دیزاین کراو، پارتی ڕازی نەبوو قەبووڵی نەکرد، هەرچەند دواتر گۆڕانکاری بەسەردا هات، کەچی هێشتا بەو شێوەیە نەبوو کە ئێمە دەمانویست، بەڵام ئەو پیلانەی نەخشەیان بۆی کێشابوو سەری نەگرت.

راشیگەیاند: ئەرکی سەرشانی هەموو ئەندامێکی پارتییە، هەموو لایەنگر و دۆستێک، هەموو کوردێکی دڵسۆز، هەموو پێشمەرگەیەکی قارەمان، هەموو تاکێکی هێزە ئەمنییەکانە ڕۆژی 20ی ئۆکتۆبەر، خۆتان و کەسوکارتان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، دەنگ بە لیستی 190 بدەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە دەستێکی ئەمین بمێنێتەوە.
سەرۆک بارزانی بە ئامادەبووانی راگەیاند کە ھەولێر ھەر ھەولێرە.