Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەحمود ئێزدی: دەنگی کوردانی ئێزدی بۆ لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستانە

دھۆک -KDP.info- نوێنەری کوردانی ئێزدی و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی:  بۆ ئەم ھەڵبژاردنە ئەو کوردانەی ئێزدی  مافی دەنگدانیان ھەیە دەنگیان بۆ لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت، چونکە پارتی بەبێ جیاوازی خزمەتی ھەمووانی کردووە.

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود ئێزدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پرۆسەی بانگەی ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان زۆر باش بەڕێوە دەچێت و پێشوازی و پشتگیرییەکی باش لە لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، کوردانی ئێزدی لە باعەدرێ، خانکێ، شاریا و ھەندێک ناوچەی دیکە مافی دەنگدانیان بۆ پەرلەمانی کوردستان ھەیە،  بۆیە ھەمووان پێکەوە پشتگیری لە لیستی ١٩٠ی پارتی دەکەن و دەنگی پێ دەدەن، چونکە لەم ھەڵبژاردنە لە لیستی پارتی کاندیدێکی پێکھاتەی کوردی ئێزدیش ھەیە، ئەو لیستە لیستی ھەموو خەڵکی کوردستانە.
مەحمود ئێزدی گوتیشی: چاوەرێ دەکەین ئەمجارە لیستی ١٩٠ی پارتی یموکراتی کوردستان سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکات، چونکە خەڵکی دھۆک و زاخۆ بەگشتی زۆر بەگەرمی پێشوازی و پشتگیری لە لیستی ١٩٠ی پارتی دەکەن، لەبەر ئەوەی تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان خزمەتی ئێمە و کوردانی ئێزدی و ھەموو خەڵکی کوردستان دەکات، ھیچ کات حکوومەت و پارتی جیاوازییان لە نێوان ھیچ پێکھاتە و ئاینێک نەکردووە.
ئێزدی گوتیشی: لەم کابینەیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی یەکجار زۆری بە کوردانی ئێزدی دایە و ھەرچی پێویستە بۆ کوردانی ئێزدی ئەنجام دراوە، خودی سەرۆکی حکوومەت چەندین بڕیاری لە بەرژوەندی کوردی ئێزدی داوە و بەردەوامیشە لە خزمەتکردنیان.

بڵند ئیبراھیم