Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی: نەوەی تازەی سلێمانی حەزی لە داهێنانی زیاترە نەوەک هاتوهاواری بێهودەی لایەنە سیاسییەکان

سلێمانی-KDP.info-  نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شاری سلێمانی داوا لە دەنگدەران کرد، دەنگ بە پارتی بدەن بۆ ئەوەی لە هاتوهاواری بێسوود و بێهودەی لایەنە سیاسییەکان ڕزگاریان ببێت.


نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لەمیانی پێشکەشکردنی گوتارێک لە کەرنەڤاڵی لیستی 190ی پارتی لە شاری سلێمانی گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، نەوەی تازەی سلێمانی حەزی لە داهێنانی زیاترە نەوەک هاتوهاواری بێهودەی لایەنە سیاسییەکان.

نێچیرڤان بارزانی باسی لە گفتوگۆیەکی ئەمڕۆی خۆی و چەند دانیشتووێکی سلێمانی کرد و گوتی: "دەیانگوت هەموومان بۆ ئاوەدانی و خزمەت پارتیبوونێک قەرزارین، منیش داوایان لێدەکەم بۆ یەکجاریش بێت پارتی تاقیبکەنەوە".

جێگری سەرۆکی پارتی داوای لە خەڵکی سلێمانی کرد دەستی پارتی بە دەنگدان لەم دەڤەرە بەهێز بکەن، "دەنگ بە پارتی بدەن، ئینجا دەتوانن ئەنجامەکەی ببینن، دڵنیایی دا لەوەی بۆ ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی درێغی ناکەن، دەرفەت بدەنە پارتی بۆ ئەوەی لە ئاڵۆزی سیاسی و هاتوهاواری بێهودە ڕزگارتان بێت".
نێچیرڤان بارزانی داوای کرد دەنگ بدەن بە پارتی و، بەڵێنی دا لە چوار ساڵی داهاتوو بیسلەمێنن لە سەرجەم بوارەکان ڕەنگدانەوەی دەبینن و گوتی: "دروشمی پارتی ئاوەدانی و خۆڕاگرییە، نەک وەکو هەندێک لایەن کە داوای ڕووخان و تێکدان دەکەن".