Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەو زەنگلێدانەی مەسروور بارزانی تەنیا بۆ خوێندن نەبوو

د. محمد خدرمولود

ڕۆژی چوارشەممەی ٢٥-٩-٢٠٢٤ ڕۆژێکی مێژوویی گرنگ بوو بۆ پڕۆسەی دەستپێکردنی خوێندن لە کوردستان بەگشتی و شاری کۆیە بەتایبەتی، ھەروا گرنگ و مێژوویش بوو بۆ پڕۆسەی سیاسی و ئایندەی ئیداری کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە گشتی و ھەڵکەوتەی سنووری دەستکردی دێگەڵە و شاری کۆیە بەتایبەتی.

لە کاتێکدا قەزای کۆیە سەر بە پارێزگای ھەولێرە و ٧٩ کیلۆمەتر لەسەرەوەی باشووری ڕۆژھەڵاتیەتی بە ھێڵ و سنووری دەستکردی ناحیەی دێگەڵە لە ھەولێر جیاکراوەتەوە، لە ساڵی ١٩٩٦وە لەسەر زۆنی سەوز ھەژمارکراوە و لە پارێزگای ھەولێر دابڕاوە، ئەم سەردانەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کۆیە و لە نێو سەنتەری ئەو شارە لە قوتابخانەی (نەجیبە خانی جەلیزادە) زەنگی دەستپێکردنی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ لێبدات.

ئەو زەنگلێدانە ھەر زەنگلێدانێکی دەوامی ئاسایی ساڵی تازەی خوێندن نییە، بەڵکو زەنگلێدانێکە ڕێککەوتە لەگەڵ ساڵڕۆژی یادکردنەوەی حەفتەمین ساڵەی پڕۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی کوردستان، زەنگلێدانێکە لە ڕۆژانی سەرەتاو دەستپێکی بانگەشەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە، کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠-١٠-٢٠٢٤ بەڕێوەبچێت، ھەروا شوێنەکە قوتابخانەی (نەجیبە خانی جەلیزادە) ھەڵگری ناوی نەجیبە خانی کچی مەلای گەورەیی کۆیێ یە، کە بەر لە ١٠٠ ساڵ یەکەمین کچی کوردە بۆ خوێندن باوکی ناردوویەتییە بەرخوێندنی تێکەڵاو لەکاتێکدا ئەوسا ساڵی ١٩٢٤ جیاوازی ڕەگەزی لە ناوچەکە و جیھانیشدا لەوپەڕی بەھێزی و برەودابوو، کەچی لە نێو کورددا و لە شاری  کۆیە مەڵبەندی زانست و مەعریفەت و مەکۆی شاعیران و ھونەرمەندان، ئاوا بە زانست و خوێندن و بەگژ جیاوازی ڕەگەزی دا دەچینەوە.

ئەو ڕۆژە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی لە میانی وتارەکەیدا چەندین موژدەی بە ئامادەبووان و خەڵکی شاری کۆیە دا و ڕاشکاوانە گوتی دەست بە دروستکردنی جووتسایدی ھەولێر - کۆیە دەکەین کە خواستی دێرینی خەڵکی کۆیەیە و لەساڵی ٢٠١٢وە بەردی بناغەی دانراوە، بەڵام بەھۆکاری جیاواز تەواو نەکراوە، ھەروا موژدەی بەقەزاکردنی ناحیەی تەقتەق موژدەیەکی تربوو بۆ خزمەتی زیاتری ھاووڵاتیانی کوردستان و بەتایبەتی خەڵکی تەق تەق و کۆیە.

ڕاگەیاندنی ئەم پڕۆژانە لە یادی ڕۆژێکی مێژوویی پیرۆزی ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی کوردستان و ڕۆژی یەکەم و دەستپێکی بانگەشەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠-١٠-٢٠٢٤ دا،  دال و مەدلولن لە مانای زیاتر دەگەیەنن، ھەروا خواست و ئارەزووی نەتەوەیی و نیشتمانین، چونکە لەمێژە  نیشتمانپەروەران ئارەزووی نەمان و لابردن و تەواو کاڵبوونەوەی ئەو چەمک و دەستەواژەیە دەکەن کە بە ناوی (دوو ئیدارەیی ناونراوە لە ڕاستیش دا  تاک ئیدارەیەی) دا سەپاوە نەک (دوو ئیدارەی).

مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ڕۆژی ١٠-١٠-٢٠٢٤ لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی جووتسایدی ھەولێر-کۆیە، نەک ھەر بەردی بناغەی شەقامێکی دووسایدی مۆدێرنی بە باشترین دیزاین و کوالێتی سەردەمیانە دانا، بەڵکو بەردی بناغەی حکوومەتێکی بەھێزی یەک ئیدارەیی پتەوی بۆ کابینەی دەیەمی حکوومەتەکەی دانا و سنوور و خاڵی دەستکردی دێگەڵەی تێپەڕاند.