Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لێدوانێک لە گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە

ھەولێر-KDP.info- ـ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لێبوردنێکی تایبەتی بۆ ژمارەیەک لە حوکمدراوان دەرکرد، هاوکات بڕیاری بە قەزاکردنی تەقتەقیشی دەرکرد.

دەقی لێدوانەکەی گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەری سەرۆکایەتی ڕایگەیاند: بەپێی بڕگەی( ٦) لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ـ عێراق ژمارە ( ١ )ی ساڵی ٢٠٠٥ ھەموارکراو، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٤/١٠/١٣، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، فەرمانی ژمارە ( ٣٣٦) دەرکرد کە لێبوردنێکی تایبەتە بۆ ژمارەیەک لە حوکمدراوانی چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی لێبوردندا کە بەردەوامی دەبێت.

لەمبارەیەوە بەڕێز دڵشاد شھاب گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی گوت: بەپێی ئەو فەرمانە، ( ١٧) حوکمدراو کە بەشی زۆری ماوەی حوکمەکەیان تەواو کردووە و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە، لێبوردنە تایبەتییەکەی بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دەیانگرێتەوە.

بەڕێز گوتەبێژی سەرۆکایەتی ڕوونی کردەوە، کە ئەو فەرمانە دەرئەنجامی ڕاسپاردەیەکی پێشتری سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە بە پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەشی نێوان سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئەنجوومەنی دادوەری، ھەروەھا دەستەی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵسەنگاندنی دۆخی بەندیخانە و چاکسازییەکان. لیژنەکە لە ماوەی ڕابردوودا لە دۆخی ئەو حوکمدراوانەی کۆڵیوەتەوە کە سەرباری تەواوکردنی ماوەیەکی زۆری حوکمەکەیان، مەترسیییان نەماوە و دەتوانن تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە، بۆیە پێشنیازی ئازادکردنی کردوون.

لە لایەکی دیکەوە ھەر ئەمڕۆ، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، فەرمانی ژمارە (٣٣٥)ی تایبەت بە ھێنانەکایەی قەزای (تەقتەق)ی دەرکرد.

بەڕێز گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە ڕایگەیاند پاش ئەوەی ھێنانەکایەی قەزای (تەقتەق) لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشنیاز کرا و ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کرا، ئەمڕۆ بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان فەرمانی ھەرێمی بۆ ھێنانەئارای قەزاکە دەرکرد.