Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ژمارەیەکی دیکەی کادرانی یەکێتی پەیوەندییان بە ڕیزەکانی پارتیەوە کرد

زاخۆ-KDP.info- بەرپرسی لقی ھەشتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاخۆ ڕایگەیاند، ئەمڕۆش ژمارەیەکی دیکەی کادر و لایەنگرانی یەکێتی پەیوەندییان بە ڕیزه‌كانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد، چونکە تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستانە بەرگری لە کیانی سیاسیی ھەرێمی کوردستان دەکات، کە بە خوێنی شەھیدان بەدەست ھاتووە، بۆیە تەنیا پارتییە پارێزگاری لە خەڵکی کوردستان دەکات.

عومەر ئورەیی، بەرپرسی لقی ھەشتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە مەراسیمی پێشوازیکردن لە کۆمەڵێک کادر و لایەنگرانی یەکێتی، کە پەیوەندییان بە ڕیزه‌كانی پارتییەوە کردووە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئەمڕۆ جارێکی دیکە پێشوازیمان لە کۆمەڵێک خەڵکی ناو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان  کرد، کە پەیوەندییان بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە، کە ھاتوونە بۆ ناوماڵی خۆیان و بەخێرھاتنیان دەکەین، ئەوە ڕێگای دروستە و تەنیا پارتییە بەرگری لە کیانی سیاسیی ھەرێمی کوردستان دەکات، چونکە بەرنامەی ھەموو لایەنەکانی دیکە جگە لە پارتی، خراپکردن و ڕاگرتنە و باسی پاراستنی کوردستان ناکەن، بۆیە پارتی بەرگری لە کوردستان دەکات و ناکرێت ئەو کیانە لەناو بچێپت و ناشێ ببینە ھاووڵاتیی نمرە سێ و چوار، چونکە ئەو میللەتە قوربانیی داوە و خەباتی کردووە بۆ ئەو دەستکەوتانە، کە بە خوێنی شەھیدان بەدەست ھاتوون.

ئورەیی گوتیشی: پێویستە وەکو چاوی خۆمان کوردستان بیپارێزین و ئەوەی دژایەتی بکات، دژایەتیی خوێنی شەھیدان دەکات، بۆیە ئەو بەڕێزانە هاتوون بۆ ڕێگه‌ی ڕاست، ئەویش ڕێبازی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتییەکەی سەرۆک بارزانییە.

دەشڵێت: ئەوەی بەرگری لە خاکی کوردستان و سەروەرییەکانی دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستانە، چونکە دەبینین دروشمی لایەنەکانی دیکە بۆ تێکدانی ھەرێمی کوردستانە و تەنیا رێبازی پارتی و بارزانیش بەرگری لە خاکی کوردستان دەکەن.

 

بڵند ئیبراھیم