Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەگەر دەتەوێ گەشتوگوزار پێشكەوێ، دەنگ بە لیستی 190 بدە

نادر روستی

كەرتی گەشتوگوزار سەرەڕای ئەوەی كەرتێكی ئابووریی گرنگە، لە هەمانكاتدا ئارامی و ئاوەدانی بە وڵات دەدات ، ئەمەش وادەكات گەشتیاران ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن و كاتە خۆشەكانیان لە وڵاتێكی ئاوەدان و ژینگەیەكی ئارام بەسەر بەرن. پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە پێشەنگ بووە بۆ گرنگیدان بە پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار، بۆیە لەسەرجەم هەڵبژاردنەكان لە بەرنامەی خۆیدا بە بایەخەوە گەشتوگوزاری خستۆتە ناو ستراتیژیەتی كاركردنی حكوومەتەوە، بەتایبەت لە كابینەی نۆیەم، بەردەوام كاركراوە بۆ پەرەپێدانی (كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی)، واتە گەشتوگوزار یەكێك بووە لەو 3 كەرتەی بەلای حكوومەتی هەرێمەوە باخیان پێدراوە. بەڵگە و نموونەی كاركردن بۆ پێشخستنی گەشتوگوزار لە كابینەی نۆیەم زۆرن، وەك:  بەرزكردنەوەی رێژەی پڕۆژەی وەبەرهێنانی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای دەست بەكاربوونی دەستەی وەبەرهێنان، 230 شوێنی بە دیزاینێكی سەرەتایی دەستنیشان كرد و لە كۆڕاسەیەك چاپ كران و خرایە بەردەم وەبەرهێنەران بۆ ئەوەی پڕۆژەی گەشتیاریی ئەنجام بدەن، لە لایەكی دیكەوە حكوومەتی هەرێم بوودجەیەكی تەرخان كرد بۆ بەشداریكردنی دەستەی گەشتوگوزار لە پیشانگە نێودەوڵەتییەكانی گەشتوگوزار بە مەبەستی ناساندنی هەرێم و راكیشانی وەبەرهێن و كۆمپانیای گەشتیاری، لە لایەکى تر كۆنفەرانسی پەرەپێدانی گەشتوگوزار لە دوای كۆڕۆنا سازكرا و پەرەپێدانی گەشتوگوزار كرایە پلان بۆ 8 ساڵی ئایندە، بوودجە بۆ نۆژەنكردنەوە و بە گەشتیاریی كردنی چەندان شوێنەوار تەرخانكرا، كە ژمارەیەكیان تەواوكراون و ژمارەیەكیان لە جێبەجێكردن دان. چەندان پڕۆژەی گەشتیاریی جێبەجێكراون، بۆ نموونە تەنیا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 15 پڕۆژەی گەشتیاریی جێبەجێكراون، (لە راپۆرتێكی بڵاوكراوەم، ناوی پڕۆژەكان نووسراوە). بۆ ریكخستنی پەیكەری كارگێری گەشتوگوزار، 4 بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزار لە ئیدارە سەربەخۆكان بۆ یەكەم جار كرانەوە (پارێزگای هەڵەبجە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و رانیە و زاخۆ). ساڵی 2022 بۆ یەكەم جار یاسای پەرەپێدانی گەشتوگوزار لە پەرلەمانی كوردستان دەركرا. 

لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیران لە 5/6/2022  تەوەرێك بۆ گرنگیپێدانی كەرتی گەشتیاری تەرخان كرا، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی گەشتوگوزار لە كۆبوونەوەكەدا راپۆرتیكی 17 خاڵی لەسەر گەشتوگوزار خوێندەوە، لە كۆتاییدا  راپۆرتەكە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیران پەسند كرا و خرایە بواری كاركردن. ئەم هەنگاوانە سەرەتایەكی دڵخۆشكەر بوون بۆ وەرچەرخانێكی گرنگ لە پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار. ئێستاش پارتی دیموكرانی كوردستان لە بەرنامەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە لیستی 190 لە بڕگەی سێیەم پەرەپێدانی گەشتوگوزار یەكێكە لەو سێكتەرانەی خراوەتە بەرنامەی كاركردن، بۆیە ئەگەر دەتەوێ گەشتوگوزار پێش بكەوێ پێویستە هەموومان دەنگ بە لیستی 190ی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەین، بۆ ئەوەی كاروانی ئاوەدانی و ئارامی و پێشكەوتن بەردەوام بێت.