ھەولێر-KDP.info- کەسایەتیی دیاری سیاسیی کوردستان شیرین فوئاد مەعسووم دەڵێت، ھەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان، گرنگە بۆ نوێبوونەوەی شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی یاسادانان و پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆیە پارتی لە ھەموو لایەنەکان زیاتر ھەست بە بەرپرسیارەتی دەکات و دەیەوێت ھەڵبژاردن بکرێت، ھەر بۆیە پارتی لە ژێر رێنمایی سەرۆک بارزانی بانگەشەیەکی ئارامی دەست پێکردووە، چونکە ئامانجی پارتی خزمەتکردنە و قوربانیی زۆری داوە و ئامادەشە قوربانیی زیاتر بۆ گەل و وڵاتەکەی بدات.
شیرین فوئاد مەعسووم، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بۆ نوێبوونەوەی شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی یاسادانان، لای ھەمووان ڕوونە پارتی دیموکراتی کوردستان چەند بە ھەستکردن بە بەرپرسیارەتییەوە ئەو ئەرکەی گرتۆتە ئەستۆ و لە ھەموو حیزبەکان زیاتر پێی وایە پێویست بوو ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرایە، بەڵام بەداخەوە حیزبەکانی دیکە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای ئیقلیمی، کوردستانیان بەو رۆژە گەیاند.
مەعسووم گوتیشی: پارتی لە ژێر رێنمایی رابەر و سەرۆک و پێشمەرگە کاک مەسعوود بارزانی، بانگەشەیەکی ئارامی دەست پێکردووە و نایەوێت بانگەشە بە شێوەی ھێرشکردن و توندوتیژی بەڕێوە بچێت، چونکە پارتی حیزبی خزمەتکردنە نەک خۆنمایشکردن، کە حیزبێکە قوربانیی زۆری داوە و ئامادەی قوربانیدانی زیاتریشە بۆ گەل و وڵاتەکەی، نەک وەکو لایەنەکانی دیکە ھەوڵی ناشیرینکردنی رووگەی دیموکراسیی ھەرێمی کوردستان بدەن، بۆیە پێم خۆشە ئەوەش بڵێم پارتی دیموکراتی کوردستان گوێ بۆ لایەنگر و دەنگدەر و گەلەکەی دەگرێت، نەک وەکو حیزبەکانی دیکە رێگری لە کادیرەکانیان بکەن و بە رۆژی ڕووناک تیرۆریان بکەن.
بڵند ئیبراھیم