Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەربەتییەکان له‌ ڕێگه‌ی KDPیه‌وه‌ په‌یامیان هه‌یه‌ و ده‌ڵێن، وه‌رن ئه‌مجاره‌ پارتی تاقی بكه‌نه‌وه‌

شاره‌زوور-KDP.info- هاووڵاتیانی عه‌ربه‌ت و شاره‌زوو له‌ ڕێگه‌ی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتییه‌وه‌، پشتیوانیی خۆیان بۆ لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نن و ده‌ڵێن: ده‌مانه‌وێ کۆتایی بە ئیرهابی فیكری و سیاسه‌تی نادروست بهێنین و سلێمانیش هاوشێوه‌ی هه‌ولێر و دهۆك خزمه‌تی بكرێت.

محەمەد بارام، کە دانیشتوویه‌كی شارۆچكه‌ی عه‌ربه‌تە، له‌ په‌یامێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ده‌نگدان به‌ پارتی، ده‌نگدانه‌ به‌ لیستی شه‌هیدان، لیستی پێشمه‌رگه‌، لیستی داستانه‌كانی به‌رگری، لیستی ئاشتی و ئاوه‌دانی و پێكه‌وه‌ژیان، لیستی خۆڕاگری و لیستی ئاینده‌ی كوردستان، من رووم له‌و خه‌ڵكانه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا پارتییان تاقی نه‌كردووه‌ته‌وه‌ له‌م سنووره‌ به ‌گشتی و له‌ پارێزگای سلێمانی، وه‌رن ئه‌م جاره‌ پارتی له‌م سنووره‌ بكه‌ینه‌ دەسەڵاتی یەکەم و ده‌نگی بدەینێ و نوێنه‌ره‌كانی بكه‌ینه‌ چاوی سلێمانی له‌ ده‌زگای ته‌شریعی و پشتیوانی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن بن، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ و ویستی سلێمانی بگه‌یه‌نینه‌ حكوومه‌ت و وه‌ك هه‌ولێر و دهۆک ئاوه‌دانی و پڕۆژەمان بۆ بكرێت، ده‌مانه‌وێ ده‌نگ بده‌ینه‌ پارتی و نوێنه‌ره‌كانی به‌سه‌ر ئه‌م سنووره‌وه‌ بكه‌ینه‌ چاودێرێكی ورد و چیدیكه‌ داهاتی ئه‌م سنووره‌ به‌ فیڕۆ نه‌ڕوات.

مژده‌ عومه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان، هاووڵاتییه‌كی سنووری عه‌ربه‌ته،‌ په‌یامی هه‌یه‌ و ده‌ڵێ: ئێمه‌ له‌به‌ر به‌رده‌وامیی ئارامی و ئاوه‌دانی و خزمه‌تگوزاری، ده‌نگ ده‌ده‌ینه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، بێزار بووین له‌ دروشمی قه‌به‌ و بێ كردار و ژاوه‌ژاو و حزبێك هه‌ڵده‌بژێرین خۆی به‌ به‌رپرسیار بزانێ له‌ هه‌مبه‌ر ماف و خزمه‌ت و ئازادی و خۆشگوزه‌رانی، كه‌ ئه‌ویش لیستی 190ی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، نامانه‌وێت داهاتی پارێزگای سلێمانی له‌وه‌ زیاتر بۆ گرووپێكی تایبه‌ت بێت و ده‌بێ بۆ خزمه‌تی ئه‌م شاره‌ بێت.

نیهایه‌ت محەمەد ئه‌مین، هاووڵاتیه‌كی تری سنووری عه‌ربه‌ته‌ و ده‌ڵێت: ئێمه‌ خۆشگوزه‌رانیمان ده‌وێ، سه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منیمان ده‌وێ، ده‌مانه‌وێ به‌ ئاسووده‌یی بژین له‌ ماڵی خۆمان و دڵنیاییمان ده‌وێت، تاكه‌ حزبێك كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه‌ كار ده‌كات به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی و دڵسۆزانه‌ و بنه‌مادار، ئه‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، كه‌ به‌ لیستی 190 به‌شداره‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان، ئێمە ئاشتی و ئاوه‌دانی و سه‌قامگیری و دڵنیاییمان ده‌وێت، پێویسته‌ وه‌ك خه‌ڵكی پارێزگای سلێمانی پارتی بكه‌ینه‌ نوێنه‌ری خۆمان.

چنار كه‌ریم، وه‌ك هاووڵاتییه‌كی سنووری شاره‌زوور ده‌ڵێ: ده‌ڤه‌ره‌كه‌مان، ده‌ڤه‌رێكی پیشه‌سازیی كشتوكاڵییه‌ و هه‌ست دە‌كه‌ین كابینه‌ی نۆیه‌م زۆر به‌ رژدی كاری له‌سه‌ر بووژانه‌وه‌ی ئه‌م كه‌رته‌ كردووه‌ و جووتیاری ئێمه‌ له‌وه‌ سوودمه‌ند بوون، ئه‌مه‌ بۆ خۆبژێوی و ئاسایشی خۆراك گرنگه‌ و هه‌ر وڵاتێك ئاسایشی خۆراكی هه‌بێت، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، ئێمه‌ ده‌نگی پڕۆژه‌ین و ده‌نگی خزمه‌تین، ده‌نگی ستراتیژییه‌ نیشتمانییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانین و داوا له‌ خه‌ڵكی ئه‌م سنووره‌ ده‌كه‌م ته‌پوتۆزی ئیرهابی فكری راماڵن و به‌ دیدگایه‌كی عه‌قڵانی ده‌نگ بده‌نه‌ حزبه‌ به‌هێز و خاوه‌ن ستراتیژه‌كه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ و لیستی 190ی هه‌یه‌.

 

سه‌لاح جه‌لال