Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هیوادارین دەزگا ئەمنییەکان ڕێگری لەو دۆخە بکەن کە لە هەڵەبجە دروست بووە

هەڵەبجە-KDP.info- سەرۆکی لیستی 190ـی پارتی لە هەڵەبجە گوتی، لە دوای دەست پێ کردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، پارتی لەژێر ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی، بەهێمنی دەستی کردووە بە بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام بەداخەوە لە هەڵەبجە چەند پیشێلکارییەک بەرامبەر بە پۆستەر و لۆگۆی کاندیدانی پارتی کراوە.

وشیار حوسێن بەگ، سەرۆکی لیستی 190 پارتی لە هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بەپێی یاساکانی کۆمسیۆن پێویستە دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان هەبێت، گوتیشی: ئێمە لە سەرەتای بانگەشە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە هێمنی دەستمان بە بانگەشە کردووە، چونکە مەبەستمانە پرۆسەکە بگەیەنینە کۆتایی.

جەختیشی کردەوە، براوە و دۆڕاو لە هەڵبژاردن نییە، گرنگە دەستکەوتەکانمان بپارێزین و ئەو حکوومەتە باشتر و تۆکمەتر بکەین، بەڵام دوای ئەوەی وێنە و پۆستەری کاندیدەکانمان هەڵواسی و بڵاوکردەوە، دوای ڕۆژێک بە بەرنامە پۆستەرەکانی ئێمەیان دڕاندووە و فڕێیان داوە.

وشیار حوسێن بەگ ئاماژەی بەوەش کرد، هیوادارین دەزگا ئەمنییەکان کە ئەرکیان پاراستنی لۆگۆکانی ئێمە و لایەنەکانی دیکەیە، ڕێگری لەو دۆخە بکەن کە لە هەڵەبجە دروست بووە، هەروەها سەری وێنەکانیان لێکردووەتەوە کە شتێکی ناشرینە، دڵینایشتان دەکەمەوە دڕاندن و شێواندنی پۆستەرەکانی ئێمە یەک دەنگ بۆ ئەوان زیاد ناکات.

سەرۆکی لیستی 190ـی پارتی باسی لەوەش کرد، لە کۆمسیۆن سکاڵا لەسەر ئەو پێشێلکارییانە تۆمار دەکەین، چونکە ناکرێت ئێمە پۆستەرەکان هەڵواسین و دوای کاتژمێرێک بدڕێندرێن و لێبکرێنەوە.