Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئومێد سەباح: بڕیار وایە لەسەر بابەتی نەوت هەرسێ لایەنمان بە زووترین كات دابنیشین

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیار وایە لەم یەك دوو ڕۆژەدا فرووقاتی مانگی 8 بێت و هه‌روه‌ها تەمویلی مووچەی مانگی 9 ش بكرێت، هیچ گرفتێكی لەپێش نییە و ڕاسته‌وخۆ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنى مووچه‌ ده‌كرێت.

ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، له‌ پرێس كۆنفرانسێك، ڕایگه‌یاند: "سەبارەت بە دابەشكردنی مووچە، وەزارەتی دارایی راگەیاندراوێكی بڵاو كردۆتەوە، ئێستاش شاندێكی تەكنیكیمان لە وەزارەتی دارایی عێراقن، چاوەڕێی تەمویلەكان دەكەین، تەمویلی مانگی نۆش لە ڕێگە دەبێت، ئینشائەڵا هەردوو مووچەكە لە كاتێكی نزیكدا دابەش ده‌كەین".

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پرسی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وته‌وه‌، گوتی: "ئەوەی كە لەسەر هەرێمی كوردستان بووە، هەموو پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە. لەسەر وەزارەتی نەوتی عێراقە كە دەبێت پرۆپۆزەلێك پێشكەش بە كۆمپانیاكانی نەوت بكات و بتوانێت باوەڕیان پێ بهێنێت و بتوانێت تێچووی راستەقینە و كرداریی كێڵگەكانی نەوتی كوردستان دابین بكات".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، هەر كاتێك وەزارەتی نەوتی عێراق بتوانێت قەناعەت بە كۆمپانیاكان بهێنێت و تێچووی راستەقینەیان بدات، كۆمپانیاكانیش ئامادەییان دەربڕیوە و دەست بەجێ دەست بە هەناردەكردنه‌وه‌ى نەوت، دەكرێتەوە.

ئه‌وه‌شى ڕوونكرده‌وه‌ كه‌ لەسەر بابەتی گرێبەستەكانی نەوت لەسەر هێڵ دەبن، گوتیشی: "لێكتێگەیشتنی باش هەیە، بڕیار وایە كە هەرسێ لایەنمان حكوومەتی فیدڕاڵی و حكوومەتی هەرێم و كۆمپانیاكان بە زووترین كات دابنیشین و ئەگەر هەیە لێژنەی داراییش لەگەڵمان لەو كۆبوونەوانە به‌شدار بن بۆ ئه‌وه‌ى بگەینە ڕێگەچارەیەكی دەستووری و لە چوارچێوەی دەستووردا مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسه‌ بكرێت".

ئومێد سه‌باح، باسى له‌وه‌ش كرد كه‌ وەزارەتی دارایی راگەیاندراوێكی بڵاوكردۆتەوە و دەڵێ تا ئێستا حكوومەتی فیدڕاڵی 755 ملیاری بۆ مووچەی مانگی 8 ناردووە، 245 ملیاری كه‌مه‌ و نەیناردووە، گوتیشی: "ئێمە خەریكی ئەوەبووین كە 245 ملیار بێت، ڕێوشوێنەكان لەناو وەزارەتی دارایی تەواو بوون بۆ ناردنی ئەو جیاوازییە. لە هەمان كاتدا ئێمە ئیشمان لەسەر تەمویلی مانگی 9ش كردووە، ئێستا برادەران لە بەغدان، بڕیار وایە لەم یەك دوو ڕۆژە فرووقاتی مانگی 8 بێت و هه‌روه‌ها تەمویلی مووچەی مانگی 9ش بكرێت، هیچ گرفتێكی لەپێش نییە و ئەوكاتە دەست بە دابەشكردنی دەكەین".