Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی حكوومەت: جێی شانازییە كە كەرتی پیشەسازیمان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێشتر دەچێت

ھەولێر-KDP.info- لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆمپانیای سفر و کێبڵی هەولێر، مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیران لە گوتارێکدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ کردنەوەی کۆمپانیاکە و گوتی: ئەم کارگەیە بەشێکە لە پڕۆژەی دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری لە کوردستان.

گوتیشی: زۆر خۆشحاڵم لە کردنەوەی ئەم کارگانە کە لە ڕێگەی کۆمپانیای سفر و کێبڵی هەولێرەوە دروستکراون، هەروەها جێگەی شانازییە کە دەبینین کەرتی پیشەسازی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشتر دەچێت.

هەروا ئاماژەیدا، ئەوەی ئەمڕۆ بینیم کۆمەڵێک کارگەن کە هەموویان تەواوکاری یەکترن بۆ ئەوەی ئەو کێبڵ و وایەرانەی پێویستن دروست بکات و بخرێنە بازار بۆ سوود وەرگرتن.

هەر لە گوتارەکەیدا گوتی: لە سەردانیکردنم بۆ کارگەکان پرسیاری ئەوەم کرد کە بە چ جۆرێک ئەو کێبڵانە دروست دەکرێن و ماددە سەرەتاییەکانیان لە کوێوە دێن، دیارە زۆربەی ماددە سەرەتاییەکان لەو سیکرابانە کۆ دەکرێنەوە، کە پێشتر هەناردەی دەرەوە دەکران، بەڵام ئیستا لەم کارگەیە سوودیان لێوەردەگێرێت و وەک کێبڵێکی ئاست بەرز دەخرێتەوە بازاڕ و بە ستانداردە جیهانییەکان ئامادە دەکرێن.

سەرۆک وەزیران گوتیشی: هیوادارم ڕۆژێک کوردستان وای لێبێت لە سەرچاوە سروشتییەکان و کانزاکانی بەردەست ماددە سەرەتاییەکان بۆ دروستکردنی ئەم جۆرە بەرهەمانە بەکار بهێنێت.

هەروا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی: زۆر خۆشحاڵ بووم کە بیستم سەدان هەلیکار لە ڕێگەی ئەم کارگانە رەخسێندراون و چەندین خێزان دەتوانن لەم کارگانە کار بکەن، ئەمەش بەشێکە لە دروستکردنی ژێرخانی ئابووری بەهێز لە کوردستان، کە پەرەپێدان بە کەرتی پیشەسازی یەکێک بووە لەو بەرنامانەی لە چوارچێوەی سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیمان پێداوە.

سەرۆک وەزیران هیوای ئەوەی خواست لە حکوومەت بتوانن هاوکاری زیاتر بە کەرتی پیشەسازی بدەن و یارمەتیدەریش بن لەوەی بەرهەمە ناوخۆییەکان پارێزراو بن. گوتیشی: ئەمە ئەرکێکە لەسەر حکوومەت لە ئێستا و لە داهاتووشدا بۆ پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و هەولێکە بۆ ئەوەی گرنگی زیاتر بە پێشخستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان بدەین، دەبێت پارێزگاری لەم بەرهەمانە بکرێت بۆ ئەوەی لە ئاستی ناوخۆ، ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا ڕکاربەری کۆمپاکانی دیکە کێبڕکێ بکات و بەرهەمەکانیان بە دەرەوەی وڵاتیش بفرۆشن.

هەروەها ڕایگەیاند، خۆشحاڵم کە بیستم توانیویانە بەرهەمەکانیان بۆ چەندین وڵات هەناردە بکەن، ئەمەش کارێکی زۆر باشە و شاهێدی ئەوە دەدات کە بەرهەمە ناوخۆییەکان لە ڕووی کوالێتییەوە لە ئاستێکی زۆر بەرزدان، هیوادارم ئەم کارگانە چ ئەمەی ئێستا سەردانمان کردووە چ کارگەکانی دیکە ڕەچاوی بەرزی کوالێتی بەرهەم ناوخۆییەکان بکەن، بۆ ئەوەی بەرهەم ناوخۆییەکان لە کاستی جیهانیدا پارێزراو بن و لە هەمانکاتدا کوردستان لە ئاستی پیشەسازیدا بتوانێت سنووری هەرێمی کوردستان ببڕێت و لە هەموو شوێنێکدا کێبڕکێی کۆمپانیاکانی دیکە بکەین.

گوتیشی: ئێمە هیچمان لە خەڵکی دیکە کەمتر نییە، خوا سروشتێکی بە پیت و بە خێری پێداوین، لە خواش بە زیاد بێت خەڵکێکی زۆر بە تواناشمان هەیە، هەوڵمانداوە ئاستی زانستی لە کوردستان بەرەو پێشەوە بەرین، ئەوەی ماوەتەوە ڕێکخستنەوەی هەموو ئەو توانایانەیە بۆ ئەوەی بە یەکەوە بتوانین کارێکی وەها بکەین کوردستان لە هەموو ڕووێکەوە پێش بکەوێت.

لە کۆتایی گوتارەکەیدا، مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە دەستخۆشی لە جێبەجێکارانی کۆمپانیای سفر و کێبڵی هەولێر کرد و گوتی: هیوادارام هەر سەرکەوتوو بن، ئێوەش هەر تەندروست شاد بن، کوردستانیشمان ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاوەدانتر بێت.