دھۆک -KDP.info- ئەمڕۆ دوو کاندید و ئەندامێکی سەرکردایەتی ھاوپەیمانی نیشتمانی و بە سەدان ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ھاوپەیمانی نیشتمانی پەیوەندییان بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد.
ئەمڕۆ دکتۆر نەوزاد عەبدوڵا، بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک پێشوازی لە دوو کاندیدی ھاوپەیمانی نیشتمانی .. بە ناوی ڕێژین فەرمان یوسف و ئیخلاس ئەدیب ئیبراھیم و ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبە و بە سەدان ئەندامی ھاوپەیمانی نیشتمانی و یەکێتی نیشتمانی کوردستانی کرد کە پەیوەندییان بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە و دەیانەوێت لەناو پارتی درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن.
بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک گوتی: بەخێرھاتنێکی گەرمی ئەندام و کادیرانی ھەردوو لایەن بۆ ناو ماڵی گەورەی خۆیان "پارتی دیموکراتی کوردستان"ە دەکەین و ھیوای سەرکەوتن و زیاتر خزمەتکردنی وڵاتی خۆیان دەخوازین، بەبێ ئەوەی ھیچ مەرجێکیان ھەبێت و تەنیا بڕوایان بە ڕێبازی پیرۆزی پارتی و بارزانی ھەیە.
دکتۆر نەوزاد عەبدوڵا ڕوونیشی کردەوە: ئەوانەی ئەمڕۆ گەڕاونەتەوە بۆ ناو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارەیان ٢٢٠ کەس دەبێت کە بڕوایان بۆ دروست بووە پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە حزبە دەتوانێت خزمەتی ئەوان و خەڵکی کوردستان بکات، ئەو کادیر و ئەندامانە چیتر پەیوەندییان بە حزبەکانی خۆیانەوە نەماوە و لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان درێژە بە خەبات و خزمەتکردن دەدەن و ئێمەش بەخێرھاتنێکی گەرمیان دەکەین.
بڵند ئیبراھیم