Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری شارەوانی: دەست بە دابەشکردنی زەوی دەکرێت

ڕوڤیا-KDP.info- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لەقۆناغی کۆتایی دایە و لەدوو ھەفتەی داھاتوو لە شارەوانیەکان دەست بەپڕۆسەی دابەشکردنی زەوی دەکرێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەمەڕاسیمی دانانی بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەک لە ڕوڤیا، کە پەیامنێری ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیبوو گوتی: سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا فەرمانبەران زەوی نیشتەجێبوونیان پێبدرێت لەوکاتەوە ھەموو فەرمانگەکانی وەزارەتی شارەوانی کاریان لەسەر ئەو بابەتە کرد، ھەروەھا لەسەر فراوانکردنی سنوورەکان و فراوانکردنی ماستەر پلانەکان و ئامادەکردنی ناوەکان و نەخشەکان، ئێستا ئەو پڕۆسەیە لەدوا قۆناغەکاندایە و ھەندێک شارەوانی کاری خۆیان تەواوکردووە و زەوی و نەخشەکان ئامادەکراوە و چاوەڕێین لیستی ناوەکان بگات.

ساسان عەونی گوتیشی: لیستی ناوی بەشێک لە وەزارەتەکان گەیشتووەتە لای ئێمە، ئێمەش بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی دەنێرین بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی بۆ دەربچێت و دوای ئەوە دەست دەکەین بە قۆناغی گەڕانەوەی ناوەکان و وردبینیکردن، ھاوکات لەدوو ھەفتەی داھاتوو لەھەندێک شارەوانیەکان دەست بەپڕۆسەی دابەشکردنی زەوی دەکرێت بەسەر فەرمانبەران.

 

بڵند ئیبراھیم