Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھەڵمەتی سەوز كردنی ھەردوو شەقامی ١٢٠ و ١٥٠ مەتری بەردەوامە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی ھەولێر گوتی، لە پارێزگای ھەولێر لە نێوان ھەردوو شەقامی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری ھەڵمەتێکی سەوزکردن دەستی پێکردووە و ھەزار و ٥٠٠ دار دەچێندرێت.

بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی ھەولێر، ڕێبین ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ھەڵمەتی سەوزکردنی ھەولێر بەردەوامە و ئێستا ھەڵمەتێک بۆ سەوزکردنی شەقامی بەحرکە لە نێوان ھەردوو شەقامی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری ھەولێر دەستپێکراوە و زیاتر لە ھەزار و ٥٠٠ داری جۆری ئەلبیزیا و سیسەم دەچێندرێن، کە مەبەستمانە ھەم سەوز بکرێت و ھەمیش جوانکاری بکرێت، ئێستاش دەست بە ھەڵمەتەکە کراوە و سبەی کۆتایی بە چاندنی تەواوی دارەکان دێت، چونکە پێش دوو ساڵیش لە نێوان شەقامی ١٠٠ مەتری بۆ ١٢٠ مەتری نزیکەی ھەزار دارمان چاند، کە ئێستا بەرھەمەکەی دیار بووە و ئەوەی ئێستاش تا دوو ساڵی دیکە ئەویش بەرھەمی دیار دەبێت ھەم لە ڕووی جوانکاری و ھەمیش لە ڕووی سەوزایی، بۆیە ئەو ھەڵمەتانە زۆر گرنگن و سەوزایی زیاد دەکات.

ئەحمەد گوتیشی: لە ئێستادا بەپێی پێوەری ڕووبەر ڕێژەی سەوزایی لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر ٢٠% دەبێت و بە تەواوبوونی ئەو ھەڵمەتانەش ڕێژەی سەوزایی زیاتر دەبێت، بۆیە ئێمە تا کۆتایی ساڵ لە ھەڵمەتی سەوزکردنی ھەولێر بەردەوام دەبین و ئامانجی ئێمەش ئەوەیە ڕێژەکە بۆ ٥٠% زیاد بکرێت و دەمانەوێت بەھۆی زیادبوونی ڕێژەی سەوزایی، ژینگەی ھەولێر ھەم پاک بێت و ھەمیش ھەولێر جوانتر بکرێت.

بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکان ڕوونیشی کردەوە: بەو ھەڵمەتەی ئەنجام دراوە بەڕێژەی ٥٠% ڕێژەی سەوزایی زیاد بکرێت، بۆیە لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگیی زۆر بە سەوزایی و ژینگە دەدرێت و ئێمەش لەو چوارچێوەیەدا بەردەوام ھەڵمەتی سەوزکردن ئەنجام دەدەین و ھەر خۆشمان دارەکان بەرھەم دێنین و لەو شوێنانەش کە پێویستە، دار دەچێنین.

 

بڵند ئیبراھیم