Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سبەی ئاھەنگی یادی سێیەم ساڵیادی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەڕێوەدەچێت

ھەولێر-KDP.info- سبەی یادی سێیەم ساڵیادی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەڕێوەدەچێت و گوتەبێژی ئیدارەکەش دەڵێ، لەدوای دەرچوونی بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ ٢٩٠ پڕۆژە جێبەجێکراون.

شڤان عەبدی، گوتەبێژی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بڕیارە سبەی ڕۆژی شەممە ئاھەنگی ساڵیادی ئیدارەبوونی زاخۆ لە پردی دەلال بەڕێوەدەچێت لەسەر ئاستی باڵای حزبی و حکوومەت بەشداری ئاھەنگەکە دەکرێت، ھەموو ھاووڵاتیەکیش دەتوانێت بەشداری ئاھەنگی ساڵیادی ئیدارەبوونی زاخۆ بکات.

گوتەبێژی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێت: ھەمان ڕۆژ ڕێورەسمی کردنەوەی قشلەی زاخۆ بەڕێوەدەچێت و بەڕووی ھاووڵاتیاندا دەکرێتەوە، ئەوەش دوای نۆژەنکردنەوەی قشلەی زاخۆ لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

شڤان عەبدی ڕوونیکردەوە: لەدوای دەرچوونی بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تا ئێستا ٢٩٠ پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ زاخۆ دەرچوونە و لەو ژمارەیەش ٢١٦ پڕۆژە جێبەجێکراون و٧٠ پڕۆژەی دیکەش لە ئێستادا کاری تێدا دەکرێت، دەیان پڕۆژەی دیکەش بەڕێوەن بۆ سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

قائید میرۆ