ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری دا سبەی زانکۆلاین کارا بکرێت و گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێ، ھەموو ھەوڵێک دەدەین ھەموو قوتابیان وەربگیڕێن لەزانکۆ و پەیمانگاکان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاوی کردەوە، سبەی ڕۆژی شەممە سیستەمی زانکۆلاین بۆ قوتابیانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی کارا دەبێت و لەماوەی ١٠ ڕۆژدا دەتوانن سیستەمی زانکۆلاین بکەن بەمەبەستی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان.
لای خۆشیەوە عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ھەرچەندە ژمارەی دەرچوانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی زۆر زیاترە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بەڵام ھەموو ھەوڵێک دەدەین دەرفەتی خوێندن بۆ ھەموو دەرچوان فەراھەم بکەین لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە حکوومەت.
ئەکرەم ڕوونیکردەوە: قوتابیانی دەرچوو دەتوانن سبەی بەشداربن لە پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین و وەزارەتیش دەیەوێ خوێندن بە کوالێتی بەرز بۆ قوتابیان دابین بکات، بەپێی نمرەکانیان و ئەو مەرجانەی دانراون بۆ وەرگرتن.
قائید میرۆ