Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا باس لەچەند پرسێکی ھەنووکەیی دەکات

ھەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی عەرەبی حەدەس باس لە چەند پرسێکی ھەنووکەیی دەکات و جەخت دەکاتەوە، ئەگەر نیازێک لەلایەن بەغداوە ھەبێت ئەوە ھەرێمی کوردستان ئامادەیە و چارەکردنی ناکۆکییەکان ئاسانە، ھەروەھا دەڵیت، ھیچ لایەنێکی سیاسی ناتوانێت چۆنیەتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر دیاری بکات.

بڕیارە تەواوی چاوپێکەوتنەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاتژمێر ٦:٣٠ـی ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی بە کاتی ھەولێر لە کەناڵی حەدەس پەخش بکرێت.

مەسروور بارزانی: بوونی پەکەکە لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا نییە.

سەرۆکی حکوومەت لە بارەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان دەڵێ: ڕێککەوتننامەی شنگالمان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق ئیمزا کرد، بەڵام جێبەجێ نەکراوە و مانەوەی پارتی کرێکارانیش بووەتە ڕێگر لە بەردەم ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.

ھەروەھا ئاماژەی داوە، پارتی کرێکاران لەو ناوچانە بڵاو دەبنەوە، کە ھیچ پەیوەندییەکیان بەو ئەجێندایەوە نییە بانگەشەی بۆ دەکەن، ھەر بۆیە بوونی پەکەکە لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا نییە.

مەسروور بارزانی: ھیوادارم سەردانەکەی پزیشکیان سەرەتایەک بێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان.

سەبارەت بە سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی حەدەس گوتی: سەردانەکەی سەرۆکی ئێران ڕووداوێکی گرنگ بوو و ھیوادارم ببێتە سەرەتایەکی باش بۆ پەرەپێدان و پەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان.

گوتیشی: لەو ھێرشە مووشەکیانەی کراونەتە سەر ھەرێمی کوردستان ھەڵوێستمان ڕوون بوون، کە ھیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لە ھەرێم نییە، ھەر بۆیە ھێرشی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان نادادپەروەرانە بوو، تۆمەتەکانیش ناڕەوان، داواشمان لە ئێران کردووە ئەو تۆمەتانە بە بەڵگە بسەلمێنێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا ھیچ بەڵگەیەکی لەسەر ئەو تۆمەتانە پێشکەش نەکردووە.

مەسروور بارزانی: کەسانێک ھەن بڕوایان بە فیدرالیزم نییە، کێشەی ئێمەش لەگەڵ بەغدا زۆر لەوە گەورەترە تەنیا لە مووچە و نەوت کورت بکرێتەوە.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و مافی پێکھاتەکان، دەڵێ: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ ھەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکھاتەکان ھیچ پەیوەندییەکی بە دەستوورەوە نییە، بەڵام کەسانێک ھەن پێیان وایە حوکمڕانی دەبێت ناوەندگەرایی (مەرکەزی) بێت و بڕوایان بە فیدرالیزم نییە.

مەسروور بارزانی دەڵێ: عێراق وڵاتێکی فرە پێکھاتەیە و دەبێت بە ھاوبەشی ڕاستەقینە بەڕێوە ببرێت، ھەروەھا لە نووسینەوەی دەستوور کورد بەشدار بووە و پابەندیشن بە جێبەجێکردنی وەک خۆی، بەڵام جیا لە کورد پێکھاتەی دیکەش ھەن و لەو باوەڕەدان کە دەستوور ھەموو مافێکیانی مسۆگەر نەکردووە، ھەربۆیە دەستوور چارەی کێشەکان لەخۆ دەگرێت و ناکرێت لایەنگیری تێدا بکرێت لە بەرژەوەندی لایەنێک دژی لایەنێکی دیکە بەکار بھێنرێت.

سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی حەدەسی سعوودی، دەڵێ: ھەرچەندە ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان زیانی زیاتر لە ١٩ ملیار دۆلاری بە ئابووری و داھاتی گشتیی عێراق گەیاندووە، بەڵام کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا زۆر لەوە گەورەترە تەنیا لە مووچە و نەوت کورت بکرێتەوە.

دەشڵێت: ئەوانەی ھەرێمی کوردستان بە قاچاخچێتی نەوت تۆمەتبار دەکەن، با بەڵگە ڕاستەقینە بخەنە ڕوو.

ھەروەھا ئاماژەیداوە، کە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ئێستا لەم سەردەمەی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، ھەربۆیە ئەگەر نیازی چارە لەلایەن بەغدا ھەبێت، ئەوە ھەرێمی کوردستان ئامادەیە و چارەسەرەکەش ئاسانە، چونکە ھیچ لایەنێکی سیاسی ناتوانێت چۆنیەتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر دیاری بکات.