Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ماڵپه‌ڕی KDP پڕۆژە ستراتیجی و گرنگه‌كانی ڕێگەوبان لە کابینەی نۆیەم بڵاو ده‌كاته‌وه‌

ھەولێر-KDP.info- فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند، کە تەنیا لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 585 پڕۆژەی ڕێگەوبان جێبەجێ کراون کە 75یان پڕۆژەی ستراتیجی و گرنگن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی بڵاوی کردووەتەوە: "پشتیوانیی جووتیاران و گوندنشینان، بەشێکە لە ستراتیجیی کارەکانی کابینەی نۆیەم، بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی دروستکردنی ڕێگە بۆ گوندەکان، جگە لەوەی ئاسانکاری بۆ ژیانی ڕۆژانەی گوندنشینان دەکات، هاوکات ئاسانکاریی زۆریشی بۆ جووتیاران کردووە، بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان ببەن بۆ بازاڕەکان."

ئاماژە بەوەش دراوە کە بەشێك لە دانیشتوان و جووتیارانی گوندەکان، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن: "لە سەردەمی ڕژێمی بەعسەوە، خزمەتگوزاریی پێویست بە گوندەکان نەگەیشتبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی نۆژەنکردنەوە و قیڕتاوکردنی شەقامەکان، دەتوانین با ئاسانی هاتووچۆ بکەین، بەرهەمەکانمان لە ڕەز و باخەکانەوە بۆ بازاڕەکان بگوازینەوە."

روونیش کراوەتەوە: "کابینەی نۆیەم، بۆ پێشخستنی ژێرخانی هەرێمی کوردستان و پێکەوەبەستنەوەی هەموو شار و شارۆچکەکان، چەندین ڕێگە و پردی نوێی دروست کردووە، چەندانی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێکردندان."

هەروەها فەرمانگەی میدیا و زانیاری راشی گەیاندوووە: "تەنیا لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 585 پڕۆژەی ڕێگەوبان جێبەجێ کراون کە 75ـیان پرۆژەی ستراتیجی و گرنگن، هەروەها 291 پرۆژەی دیکەش لە ژێر پرۆسەی جێبەجێکردندان."

روونیش کراوەتەوە: "لە کۆی ئەو 585 پڕۆژەی ڕێگاوبان کە کارەکانیان کۆتایی هاتووە، توانراوە هەزار و 363 کیلۆمەتر ڕێگەی تازە، بە بڕی زیاتر لە 930 ملیار دینار دروست بکرێت و زیاتر لە 11 ملیۆن مەتر چوارگۆشە قیر لەو پڕۆژانە بەکار هێنراوە."