Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیژنه‌یه‌ك، به‌دواداچوون بۆ نرخی خزمه‌تگوزاری پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان ده‌كات

ھەولێر-KDP.info- لیژنه‌یه‌ك به‌دواداچوون بۆ نرخی خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان ده‌كات، گوته‌بێژی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانیش ده‌ڵێ: هه‌ر کۆمپانیایەک زیاده‌ وه‌ربگرێت به‌پێی یاسا مامه‌ڵەی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

به‌رگه‌شت ئاكره‌یی، گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گشتی وه‌به‌رهێنان، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: لیژنه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی گشتی وه‌به‌رهێنان به‌ مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ نرخی خزمه‌تگوزاریی پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان پێکهێندراوە، هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك نرخی زیاد له‌ هاووڵاتییان وه‌ربگرێت لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

گوته‌بێژی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان گوتیشی: لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی پڕۆژه‌كان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری وه‌رگرتنی نرخی خزمه‌تگوزارییەکان بن، چونكه‌ حكوومه‌ت نرخی خزمه‌تگوزاری دیاری كردووه‌ و پێویسته‌ وه‌به‌رهێنه‌ر و كۆمپانیاکان پابه‌ندی نرخی حكوومه‌ت بن.

به‌رگه‌شت ئاكره‌یی ڕوونی كرده‌وه‌: له‌ كاتی زیاد وەرگرتنی نرخی خزمه‌تگوزاری به‌پێی یاسای وه‌به‌رهێنان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای سه‌رپێچیكار ده‌كرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌رگرتنی هه‌ر پاره‌یه‌كی زیاده‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی سه‌رپێچی و پێشێلكردنی بڕیاری حكوومه‌ت بۆ دانانی نرخی خزمه‌تگوزاری.

 

قائید میرۆ