Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسان و کادیرانی پارتی لە ئاکرێ کۆبووەوە

ئاکرێ-KDP.info- لە بەردەوامی سەردانەکەیدا بۆ دەڤەری بادینان، ئەمڕۆ دووشەممە ١٦-٩-٢٠٢٤ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئاکرێ لەگەڵ لقی ٩ و بەرپرسان و کادیران و ڕێکخستنەکانی پارتی لە سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش،‌ کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای تاوتوێکردنی کار و ئەرکەکانی پارتی و ڕێکخستنەکانی لە سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش و دەوروبەریان، باس لە ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و تیشک خرایە سەر چالاکییەکانی کادیران و ڕێکخستنەکانی پارتی بۆ سەرخستنی ھەڵبژاردن.

لەمبارەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وێڕای باسکردنی کولتووری پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و ڕۆڵ و ئامادەیی و پێگەی ناوچەکە لە شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا، جەختی لە بەڕێوەچوونی ھەڵمەتێکی مەدەنی ھێمن و ئارام کردەوە، ھەروەھا بەڕێزیان باسیان لە گرنگی دەنگدان کرد و سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی بە سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستان لە قەڵەم دا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە دۆخی ئەو دەڤەرە خرانە بەر باس.