Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زێباری: پێویستە یەکدەنگییەکی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان هەبێت

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژى دووشەممە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەددین، ڕێکخراوەکانی چاودێریی دادپەروەریی باکووری کەنەدا (NJW)، ڕێکخراوی ڕەبا و ڕێکخراوی (Green Desert)، کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی جینۆساید و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دا.

دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان، گوتارێکی پێشکەش کرد و له‌ ده‌ستپێكدا گوتی: دوای ئەو جینۆساید و کارەساتە نامرۆڤانەیەی کە دژی کوردانی ئێزدی ئەنجام درا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی زۆری دا بۆ بەدیهێنانى دادپەروەری و پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی ئەم تاوانە نێودەوڵەتییانە، لە ئەنجامی ئەم هەوڵانە زیاتر له‌ ده‌ وڵاتی کاریگەر لەسەر ئاستی جیهان و ڕێکخراو و دامودەزگه‌ی جیهانی، دانیان بەوە نا کە ئەوەی دژی ئێزیدییەکان کرا جینۆساید و تاوانی نێودەوڵەتییە.

ڕێكخه‌رى ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان زیاتر گوتی: بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ قوربانییان لە گشت پێکهاتە ئایینی، نەتەوەیی و مەزهەبییەکان بەبێ جیاوازی، پێویستە میکانیزمێکی یەکگرتوو بۆ لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان بە هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان دابمەزرێت. لەم ڕووەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی کۆکردنەوەی بەڵگە و لێکۆڵینەوەکان و دادگاییکردنی دادپەروەرانەی تاوانبارانی داعش و قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی تیرۆر و کەسوکاریان.

سەبارەت بە هەماهەنگیی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان، لەسەر کەیسی تیرۆریستان، زێبارى گوتی: دوای دامەزراندنی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، هەماهەنگیمان لەگەڵیان هەبووە لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ شایەدحاڵەکان و تیرۆریستان و ئەنجامدانی پرۆژەی بەدیکیۆمێنتکردن و ئەرشیفکردنی تاوانەکانی داعش، بە سیستەمێکی تەکنۆلۆژی پێشکەوتوو، تاکوو لە پرۆسەی دادگاییکردنی تیرۆریستان سوودیان لێ ببینرێت، لەم ڕووەوە توانراوە (٢٤٫٩٦٥) فایل و (٤٠٨٫٥٤٠) لاپەڕە دیکیۆمێنت بکرێن، یونیتاد ڕۆڵی هەبوو لە پێشکەشکردنی هاوکاریی دەروونی و کۆمەڵایەتی، بنیاتنانی تواناکانى پزیشکانی تەندروستیی دەروونی، ئەمەش یارمەتیدەره‌ لە چارەسەرکردن و دابینکردنى پێداویستییە ئاڵۆزەکان بۆ ڕزگاربووانی ئێزیدی و چاکبوونەوەیان.

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی: دوای هێرشەکانی تیرۆریستانى داعش، هەرێمی کوردستان میوانداری زیاتر لە ٢ ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی ناوخۆیی کرد. تا ئێستاش (٧٣٠٫٩٣٠) کەسیان لە هەرێم نیشتەجێن و زۆربەیان خوشک و برا ئێزدییەکانن. ڕزگارکردن و دووبارە شیاندنەوەیان لەپێشینەى کارەکانى حکوومەتى هەرێمە. تا ئێستا (٣٥٧٩) کەس ڕزگار کراون و مانگانە حکوومەتی هەرێم هاوکارییان دەکات، هەروەها پاڵپشتیی دەروونی و کۆمەڵایەتیی ڕزگاربووان کراوە و لە سەنتەری چارەسەری دەروونیی دهۆک سه‌رجه‌میان تۆمار کراون، هەروەها زیاتر لە (١٢٠٠) ڕزگاربوو لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە نێردراون بۆ وڵاتی ئەڵمانیا، بە مەبەستی چارەسەری دەروونی. لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ شكستپێهێنانى داعش و ڕزگاركردنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ى ده‌ستى به‌سه‌ردا گرتبوون، قوربانیى بەرچاوى داوە، کە گەیشتە (١,٨١٤) شەهید و (١٠,٧٢٥) بریندار، (٤٤) پێشمەرگەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.