Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ڕێکخستنەکانی پارتی لە پارێزگای دھۆک کۆبووەوە

دھۆک-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ‌١٤-٩-٢٠٢٤ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکی حزبی فراواندا لە شاری دھۆک، لەگەڵ بەرپرسان و کادیرانی سنووری لقەکانی یەک و ھەژدە و بیستی پارتی، کار و ئەرکی ڕێکخراوەیی و چالاکییەکانیان، ھەروەھا ئامادەکارییەکانی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ کرد کە مانگی داھاتوو بەڕێوەدەچێت.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێز فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسانی باڵای پارتی لە پارێزگای دھۆک ئامادەبوون، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگی و ڕۆڵی ڕێکخستنەکان لە خزمەت و گەیاندنی دەنگ و داواکاریی ھاووڵاتییان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە.

دەربارەی ھەڵبژاردنیش، بەڕێزیان بایەخ و گرنگیی ھەڵبژاردنی داھاتووی ھەرێمی کوردستانی بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە کە دەبێتە مایەی نوێکردنەوەی شەرعیەتی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی زیاتری ئەزموون و کولتووری دیموکراسی و بەھێزکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ھەموو ئاستەکان و جێگیرکردنی ماف و دەستکەوتە بەدیھاتووەکانی گەلی کوردستان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی داوای لە ئەندام و کادیر و جەماوەری پارتی کرد لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی داھاتوودا لە ئاست گەورەیی و بەرپرسیاریەتی و سەنگی پارتەکەیاندا بن و نموونەیەکی بەرزی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی شایستە بە مێژوو و خەبات و پێگەی پارتی نیشان بدەن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە کادیرانی ئامادەبوو، پرسیار و تێبینی و باری سەرنجی خۆیان لەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردن و کاروباری ڕێکخراوەیی لە سنووری چالاکییەکانیاندا خستەڕوو.