Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو هەرزان دەبێت

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر گوتی: بڕیاری وەزارەتی سامانە سورشتییەکان بۆ هەرزانکردنی بەنزین زۆر گرنگ بوو، چونکە دەبێتە ھۆی ئەوەی کێبڕکێ لە ھاوردەکردنی بەنزین دروست بێت، نرخەکەی وەکو هی حکوومی لێدێت.
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: وەزارەتی سامانە سورشتییەکان، بۆ ئەوەی نرخی بەنزین هەرزان بێت ڕێگەی بە بازرگانان دا بەنزین ھاوردە بکەن، داوای لە پاڵاوگەکانیش کردووە ھاوکاربن لە هەرزانکردنی بەنزین، ئێمەش ڕۆژانە بەنزین لە چەندین بەنزینخانە دابەش دەکەین، ئەمە وا دەکات نرخی بەنزین بەردەوام داببەزێت، لە ڕۆژانی داھاتووش نرخی بەنزین زیاتر دادەبەزێت.
ئاری کاکەشین گوتیشی: ئێستا ئێمە ڕۆژانە ٦٢٠ھەزار لیتر بەنزین دابەش دەکەین، نرخی ھەر لیترێک بە ٧٥٠ دینارە، ئەگەر بەنزین ھاوردە بکرێت و بازرگانان بەنزین بێنن ئەوکات هەرزان دەبێت، بگرە لە نرخی حکوومیش هەرزانتر دەبێت، بۆیە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ هەرزانکردنی بەنزین ھەنگاوێکی باشە، لە ڕۆژانی داھاتووش ئەنجامەکەی دەردەکەوێت.
کاکەشین ڕوونیشی کردەوە: پێویستە حکوومەتی عێراق، ھاوشێوەی پارێزگاکان پشکی هەرێمی کوردستانیش بدات، بەردەوامیش بە فەرمی داوامان کردووە بەڵام تا ئێستا ھیچیان بۆ نەناردووین، چونکە خەڵکی کوردستانیش مافی خۆیەتی وەک هەر عێراقییەک پشکی خۆی لە بەنزین وەربگرن.
بەھۆی ئەوەی لەماوەی ڕابردوو نرخی بەنزین گرانبوو و نرخی هەر لیترێک چووە سەرووی ٩٠٠دینار، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاریدا نرخی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان هەرزان بکرێت.

 

بڵند ئیبراھیم