Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەمڕۆوە هەرێم و ئێران دەکەونە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییه‌وه‌

تەلعەت تاهیر

هەرێمی کوردستانی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشت بە شارستانییەت، میراتی ئەدەبی، کلتووری و زمانی هاوبەش وەک دوو دراوسێ کە چەندها کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە جارێکیتر لە چوارچێوەی ستراتیژ و بەرنامەی کاری نوێی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندییەکانییان بنیات دەنێنەوە. سەردانی سەرۆککۆماری ئێران دکتۆر پزیشکییان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، دووبارە گێڕانەوەی متمانە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانە لە بواری سیاسی، ئابووری و کلتووری. پزیشکییان کە وەک نۆژدار و هەڵگری بەیداخ و مەشخەڵی چاکسازی و سەرکردەی لاوان و ڕەوتی ڕیفۆرمخوازەکانی ناوخۆی ئێران لە دوایین هەڵبژاردنەکانی ناوخۆیی ئێران، سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە یەکەمین دیداریدا پێش چوونی بۆ ئەمریکا وەک هەوڵێکی دیپلۆماسی بە دوای کەمکردنەوەی کاریگەری گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر گەلانی ئێران و ئاساییکردنەوە و  هێورکردنەوەی ڕەوشی ناجێگیری سیاسی و سەربازی ناوچەکە بەگشتی و سنوورەکانی ئێرانە. دوابەدوای شەڕی نێوان هێزەکانی حەماس و ئیسرائیل و تیرۆری سەرکردەکان، پزیشکییان لەچوار چێوەی سیاسەتی دەرەوە بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانییان لەگەڵ وڵاتی دەرەوە و دراوسێکان و ئەم دیدارە وەک نەخشاندن و ناساندنی سیاسەتی نوێی سەرۆکایەتی کۆمار و وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ناوزەد دەکرێت کە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە وێڕای پاڵپشتی بە مێژوویی ناودەبرێت، سیاسەتێک کە ڕێگری بکات لە بەریەککەوتنی زێتر لە ناوچەکە و ببێتە هەوێنی زامنکردنی زێتری ئاسایش و ئەمنییەتی ناوخۆیی و دەرەکی لە دەرەوەی سنوورەکان و دواجار پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی هەردوو وڵات و هەرێم. سەرۆکی هه‌رێمی كوردستان کە هەمیشە وەکو چەتری یەکگرتن و کۆکەرەوەی سەرجەم لایەن و نەتەوە جیاکانی کوردستان ناسراوە لەم دیدارەدا ستراتیژ و کاری بەیەکەوەیی حیزبە کوردییەکانی لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێزگرتنی بەرامبەر جارێکیتر نەخشاند و بۆ شەقامی کوردی و دەرەوەی کوردستانی دووپات کردەوە کە بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکان و بۆ پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە ئامادەیی گەل، حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەربڕی. ڕەنگە لە ڕواڵەت و ڕوکەشدا ئەوەی دەبیندرێت زۆرتر پەیوەندی ئابووری، کلتووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کەش و هەوا و چارەسەرکردنی کێشەی سەرچاوەئاوییەکان بێت، بەڵام ئەم دیدارە هەڵگری هەندێ پەیام و ئەجێندای شاراوەیە کە دەکرێ بەمجۆرەبێت:

- داهاتووی کاری پێکەوەیی و ڕۆڵی ئێران لەبارەی حکوومەتی داهاتووی عێراق.

- ڕێکخستنەوەی ماڵی شیعە و کەمکردنەوەی گرژی نێوانیان.

- داهاتووی کاری جەبهەی مقاومە و گرووپەجیهادییەکان.

- مانەوەی ئەمریکا و کشانەوەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

- جێبەجێکردنی ڕێكکەوتننامە ئەمنییەکان و کشاندنەوەی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەت هێزە کوردییەکان لە سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان. 

ئێران و هەرێمی کوردستان دوابەدوای ئەم دیدارە کە لە کەشێکی زۆر لەبار و دۆستانە ئەنجام درا لەمڕۆ بەدواوە دەکەونە قۆناغێکی نوێی پەیوەندی و دواجار کاریگەری لەسەر داهاتووی حکوومەتی بەیەکەوەیی عێراق و ڕەوشی ناوەخۆیی و بارودۆخی ئابووری کوردستانییانیش دەبێت، ڕەنگە کردنەوەی گرێکوێرەیەک بێت کە ساڵەهای ساڵە بەرۆکی هەردوولای گرتووە و ئەمەش لە بانگهێشیتنامەکەی پزیشکییان بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی دەردەکەوێت کە بەر فەرمی بانگهێشتی جەنابییانی کردووە سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکات.