Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قایمقامی قوشته‌په‌: دوای بڕیاری بوونه‌ قه‌زا چه‌ندین پڕۆژه‌ چوونه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردن

هه‌ولێر - kdp.info- قایمقامی قه‌زای قوشته‌په‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، دوای بڕیاری بوونه‌ قه‌زا، چه‌ندین پڕۆژه‌ جێبه‌جێكراون، پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی قوشته‌په‌ یه‌كێكه‌ له‌وانە.

بژار مه‌لا خدر، قایمقامی قه‌زای قوشته‌په‌ به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌رۆشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری بگه‌یه‌نێته‌ هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كان، له‌ سنووری قه‌زای ئێمه‌ش یه‌كه‌م هه‌نگاو به‌ ده‌ركردنی بڕیاری به‌ قه‌زاكردنی قوشته‌په‌ ده‌ستی پێكرد، پێشتر قه‌زای قوشته‌په‌ پشتگوێ خرابوو، ئێستا جێگه‌ی بایه‌خی حكوومه‌ته‌ و سه‌رۆكی حكوومه‌ت خۆی گرینگی به‌و ده‌ڤه‌ره‌ دەدات.

قایمقامی قه‌زای قوشته‌په‌ ده‌شڵێت: به‌ پاڵپشتی مه‌سروور بارزانی به‌ گوژمه‌ی سێ ملیار دینار له‌ سنووری شاره‌وانی قوشته‌په‌ ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن، ئه‌ویش پڕۆژه‌كانی قیڕتاوكردن و ئاوه‌ڕۆ و چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌ له‌خۆ ده‌گرێت، له‌ ڕۆژانی داهاتوو ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی دیكه‌ی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ ده‌چنه‌ بواری جێبه‌جێكردن، هه‌روه‌ها پڕۆژه‌ی دروستکردنی نه‌خۆشخانه‌ی 25 ته‌ختی قوشته‌په‌ یه‌كێكە له‌ پڕۆژه‌كانی دیكه‌ی حكوومه‌ت بۆ خه‌ڵكی سنووره‌كه‌.

بژار مه‌لا خدر ڕوونیكرده‌وه‌: ئاستی ئاو له‌ سنووری قه‌زاكه‌مان زۆر دابه‌زیوه‌ و مه‌ترسی په‌یدا كردووه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌ڵكه‌ندنی بیر گه‌یشتووەته‌ 700 مه‌تر، به‌ڵام سه‌رۆكی حكوومه‌ت فه‌رمانی ده‌ركردووه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی ئاوی قوشته‌په‌ كه‌ له‌ زێی بچووكه‌وه‌ ئاو بۆ سه‌نته‌ری قه‌زاكه‌ و ده‌وروبه‌ری دابین بکرێت، پڕۆژه‌ی ئاوی قوشته‌په‌ پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژییه‌ و سوپاسی سه‌رۆكی حكوومه‌ت ده‌كه‌ین، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی چاره‌كردنی كێشه‌ی ئاو له‌ قه‌زاكه‌.


قائید میرۆ