ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە باڵوێزی كەنەدا لە عێراق كرد و چەند بابەتێكیان تاوتوێ كرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 10/9/2024، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە کاتی بونکا، باڵوێزی كەنەدا لە عێراق كرد كە بە بۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكەی، سەردانی سەرۆكی حكوومەتی كردبوو.
لە دیدارەكەدا، سەرۆكی حكوومەت سوپاسی باڵوێزی كەنەدای لە عێراق كرد، بۆ ئەو ماوەیەی کاری بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە کردووە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.
باڵوێزی كەنەدا لە عێراق خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، بە تایبەتی لە بواری بازرگانیدا، لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە دا، شاندێکی کۆمپانیاکانی کەنەدا تایبەتمەند لە کەرتی کشتوکاڵی بڕیارە لە پاییزی ئەمساڵدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها دۆخی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ تاوتوێ كران و سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بە گفتوگۆکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی هەردوو ئەنجوومەنی ئابووریی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان لە هەولێر کرد، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگی و پێویستیی بەردەوامبوونی ئەو گفتوگۆ ڕاشکاو و بنیاتنەرانە لەنێوان بەغدا و هەولێر لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان.