Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی حوسێن: پارتی بە پڕۆژە وەڵامی نەیاران دەداتەوە

سلێمانی-KDP.info- عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی-ھەڵەبجە-ڕاپەڕینی پارتی دەڵێت، پارتی ھەڵگری پەیامی نەتەوەییە و نەیارانیش ھەموویان تیرەکەیان ئاراستەی پارتییە، بۆیە دەبێت ھەموومان پێشمەرگە ئاسا  تێبکۆشین بۆ سەرخستنی پارتیمان.

لەدرێژەی چالاکییەکانی لقی ٢١ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھۆڵی بۆنەکانی لق بە ئامادەبوونی عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی-ھەڵەبجە-ڕاپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان و  ساناو فەریدوون جوانڕۆیی و شێخ ستار عەواڵانی بەرپرسی لقی ٢١ و ھەڤاڵانی مەکتەبی ڕێکخستن و بەرپرسی ناوچەکان و ھەڤاڵانی ناوچەکان و جەماوەرێکی بەرفراوان کۆبوونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا عەلی حوسێن گوتی: پارتی ھەڵگری پەیامی نەتەوەییە و نەیارانیش ھەموویان تیرەکەیان ئاراستەی پارتییە، بۆیە دەبێت ھەموومان پێشمەرگە ئاسا  تێبکۆشین بۆ سەرخستنی پارتیمان، لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا باسی شۆڕشی ئەیلوولی مەزنی کرد و گوتی: ئەم مانگە مانگی ئەیلوولە، کە ١١ی ئەیلوول یادی شۆڕشی ئەیلوولە ئەو شۆڕشەش شۆڕشی سەرجەم گەلی کوردستانە و پێشمەرگەی ئەیلوول و شۆڕشی ئەیلوول گرنگ و بەھێزن، پارتی حیزبێکی بەوەفایە بەرانبەر کادیر و پێشمەرگە و خەڵکی خۆی و کەسی لێ زیاد نییە.

ھاوکات عەلی حوسێن باسی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانی کرد و گوتی: پارتی بە پڕۆژە وەڵامی نەیاران دەداتەوە، باخەڵکی بێت بەراوردێک لەنێوان شارەکان بکەن بزان لەژێر دەسەڵاتی پارتی و لەژێر دەسەڵاتی ئەوانی دی چۆنە؟ بزانن ئێمە چیمان کردووە و خەڵکی دی چیکردووە، بەڕاستی خەڵکی سلێمانی و دەورووبەر خەڵکێکی تێکۆشەر و قوربانی دەرن، بەداخەوە لەئاست قوربانی و خەباتیان خزمەت نەکراون.

لە کۆتاییدا عەلی حوسێن باسی ھەڵبژاردنی کرد و گوتی: پارتی ڕێز لە دەنگی ئۆپۆزسیۆن دەگرێت و لامان ئاساییە دەنگی ئۆپۆزسیۆن بە پڕۆژە و ڕەخنەی بنیاتنەر ھەبێت، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان دەمانەوێت ھەڵبژاردنێکی پاک و ھێمن بەڕێوەبچێت و کوردستان پارێزاراوبێت، بێگومان پارتی براوە بێت کوردستان براوەیە و ھەموومان سەرکەوتووین.

 

بەرھەم شێخ عزەدین