ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی ھەولێر گوتی: ھەردوو شەقامی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری و سەرجەم ئەو گەڕەکانەی خزمەتگوزاری سەوزاییان پێنەگەیشتووە، سەوز دەکرێن، ئێستا چەندین پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن، چوار پارکی گەورە نموونەی بەرچان، ئەوە سەرباری ھەڵمەتی ڕۆژانە کە بۆ سەوزکردن بەڕێوە دەچێت، بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی ڕێژەی سەوزایی لەگەڵ ژینگەی ھەولێر گونجاو بێت.
ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەوزکردنی ھەردوو شەقامی ١٢٠مەتری و ١٥٠مەتری دەستی پێ کردووە، لە هەولێر ھەر شوێنێک کەمتر خزمەتگوزاری سەوزایی پێگەیشتبێت سەوز دەکرێت، لە کەنار ١٥٠ مەتری پڕۆژەی پاڕکێک لەسەر بودجەی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت لەسەر ڕووبەری ١٥٠ھەزار مەتری چوارگۆشە بە گوژمەی ٣ملیار و ٧٠٠ملیۆن دینار دروستکراوە، لە کەنار ١٢٠ مەتریش پڕۆژەیەکی دیکە لەسەر ھەمان بودجە لەبواری جێبەجێکردندایە، لە ڕەشکین و لە گەڕەکی ژیانیش دوو پاڕک دروست دەکرێن، لە ھەموو گەرەکەکانیش ھەڵمەتی سەوزکردن بەرێوە دەچێت.
ڕێبین ئەحمەد گوتیشی: لە کەنار ١٢٠ مەتری نزیک ڕێگای مووسڵ، ڕووبەری ٢٠٠ھەزار مەتری چوارگۆشە سەوز دەکرێت، لەسەر ڕێگای ١٥٠مەتریش ١٥٠ھەزار مەتری چوارگۆشە سەوز دەکرێت، ئێستا لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر ڕێژەی ڕووبەری سەوزایی دەگاتە ٢٠%، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە دەبێتە زیاتر لە ٢١%، جگە لەوە لە ھەموو ھەولێر ڕۆژانە ھەڵمەت ئەنجام دەدرێت و ئەو دار و گوڵانە دەچێندرێن کە خۆمان بەرھەمیان دێنین، ئامانجمانە کەناری ھەردوو شەقامی سەرەکی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری ھەمووی سەوز بکرێت.
ڕێبین ئەحمەد ڕوونیشیکردەوە: ئەو شوێنانەی کراونەتە سەوزاییش ئێستا بە تەنکەر ئاودەدرێن، پلانمان ھەیە ھەمووی بکرێتە سیستەم تا ئاودان ئاسانتر بکات، چونکە ئامانجمانە سەوزایی لە ھەولێر بگاتە ئاستێک لەگەڵ ژینگەی گونجاو بێت، ھەر بۆیە پرۆسەی سەوزکردنی ھەولێر بەردەوام دەبێت.
بڵند ئیبراھیم