بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق گوتی: ھەفتەی داھاتوو، بە ئامانجی چارەکردنی کێشەکان، ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری عێراق لە ھەولێر لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، ئەمە ھەنگاوێکی گرینگە بۆ چارەکردنی کێشەکان.
سیپان عەزیز، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردسان گوتی: بڕیارە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو لە ھەولێر ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری عێراق بە سەرۆکایەتی دکتۆر فوئاد حوسێن کە خۆی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری عێراقە، لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆببنەوە، بۆ ئەوەی ئەو کێشە ئابوورییانەی لەنێوان ھەرێم و بەغدا ھەنە چارە بکرێن.
سیپان عەزیز گوتیشی: ھەر یەک لە وەزیری دارایی، وەزیری بازرگانی، وەزیری پلاندانان و وەزیری کشتوکاڵ ئەندامی شاندەکەن، ئەمەش ھەنگاوێکی زۆر باشە بۆ چارەکردنی کێشەکان، بە مەرجێک ئەگەر ڕێککەوتنەکان جێبەجێ بکرێن، لەبەر ئەوەی ئێمە لە ڕابردوو ڕێککەوتنمان لەگەڵ عێراق کردوون و پابەندی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان نەبوون.
عەزیز ڕوونیشی کردەوە: چاوەڕێ دەکرێت سەرەتای ھەفتەی داھاتوو کۆبوونەوەکە لە ھەولێر بەڕێوەبچێت.
بڵند ئیبراھیم