ھەولێر-KDP.info- ئهمڕۆ چوارشەممە 9/4 مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوای لە ئانل بۆرا ئینان، باڵیۆزى نوێى توركیا له عێراق کرد.
سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێ کرد و هیواى سهركهوتنى له ئهركى نوێیدا بۆ خواست.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانیی پەیوەندیی دوولایەنە، بە تایبەتی لە بواری بازرگانی کرایەوە.
تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرۆژەی ستراتیجیی ڕێگەی گەشەپێدان، کە وڵاتانی کەنداو لە ڕێگەی عێراقەوە بە تورکیا و ئەوروپا دەبەستێتەوە. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بەشداربوونی هەرێمی کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی عێراق لەم پرۆژە گرنگەدا.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، ئاماژە بە تاوانی کوشتنی گەشتیارێکی دهۆک لە ئیستانبول کرا و وێڕای نیگەرانی دەربڕین بەرانبەر ڕوودانی ئەم تاوانە و پێشکەشکردنی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییەکە، باڵیۆزی تورکیا دووپاتی کردەوە کە تاوانباران دەستگیرکراون و ڕێکاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتەبەر.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر نەهێشتنی هەر کێشە و ئاستەنگێک، کە بۆ گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لە کاتی سەردانیان بۆ تورکیا دێتە ئاراوە.
04 ئەیلوول 2024